بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی جەنگ؛ هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان گەیشتنە ئێران
بزووتنەوەی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند، یەکەم کاروانی هاوکارییە پزیشکی و فریاگوزارییەکان گەیشتووەتە نێو خاکی ئێران، ئەمەش یەکەمین هەنگاوی لەو شێوەیەیە لەوەتەی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لە 28ی شوباتی رابردوودا.
سێشەممە 14ی نیسانی 2026، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەکانی خاچی سوور و مانگی سوور ئاشکرای کرد، رۆژی یەکشەممە کاروانێکی بارهەڵگر کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاوە بەڕێکەوتبوون، گەیشتووەتە ئێران. تۆماسۆ دیلا لۆنگا، گوتەبێژی فیدراسیۆنەکە لە جنێڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، کە ئەم کاروانە کەرەستەی چارەسەری خێرای گەیاندووە کە بۆ رزگارکردنی ژیانی بریندارانی جەنگ بەکاردێن.
دیلا لۆنگا جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە زۆر هەستیارە، چونکە لە هەفتەکانی رابردوودا بەهۆی جەنگەوە سەرجەم رێڕەوەکانی گەیاندنی هاوکاری بۆ ناو ئێران پەککەوتوون، ئەمەش وای کردبوو گەیاندنی دەرمان و پێداویستییەکان زۆر گران و ئەستەم بێت.
لەلایەکی دیکەوە، لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (ICRC) رایگەیاند، دوێنێ دووشەممە، 14 بارهەڵگری دیکەی هاوکاری لە کۆگاکانیان لە ئەردەنەوە گەیشتووەتە ئێران. ئەم کاروانە 171 تۆن پێداویستی ناوماڵەی وەک بەتانی، دۆشەک، تانکەری ئاو، پێداویستی چێشتخانە و گڵۆپی تیشکی خۆری تێدابووە کە بەشی 25 هەزار کەس دەکات. هەروەها 200 جێنەرێتۆر و 100 ماتۆڕی ئاو رادەستی مانگی سووری ئێران کراوە بۆ پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری.
ڤینسێنت کاسارد، سەرۆکی شاندی خاچی سوور لە ئێران، هیوای خواست ئەم هاوکارییانە ببنە مایەی سووککردنی ئازارەکانی ئەو خەڵکەی کە بەدەست لێکەوتە وێرانکەرەکانی جەنگەوە دەناڵێنن
هاوکات، گوتەبێژی فیدراسیۆنەکە ئاماژەی بە قوربانیدانی کارمەندانی مرۆیی کرد و رایگەیاند، لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگ، چوار کارمەندی مانگی سووری ئێران لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە، گوتیشی: "ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."