کابوسی گەرووی هورمز؛ 20 کەشتی کراونەتە ئامانج و نرخى نەوت 50% بەرز بووەتەوە

دوای رێککەوتنی ئاگربەست؛ تەنیا 45 کەشتی لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕیون

داتا نوێیەکانی چاودێریی کەشتیوانی نێودەوڵەتی، ئاماژە بە پەککەوتنێکی بێپێشینە دەدەن لە گەرووی هورمز، بە جۆرێک لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە تاوەکو ئێستا جوڵەی کەشتییەکان بە رێژەی 95% کەمی کردووە. لە کاتێکدا پێشتر رۆژانە 100 کەشتی تێپەڕ دەبوون، لە ماوەی 44 رۆژی رابردوودا تەنیا 279 کەشتی توانویانە ئەو گەرووە ببڕن، ئەمەش جیهانی رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی دابینکردنی وزە کردووەتەوە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە دژی ئێران، گەرووی هورمز کە پێشتر بە شا دەماری گواستنەوەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهان دادەنرا، ئێستا بووەتە ناوچەیەکی داخراو و پڕ لە مەترسی. بە پێی داتا نوێیەکانی دامەزراوەکانی (LSEG) و (Kpler) بۆ چاودێریی جوڵەی کەشتییەکان و بازرگانی نەوت، لە نێوان 28ـی شوبات تا 12ـی نیسانی ئەمساڵ، تەنیا 279 کەشتی لە گەرووەکە تێپەڕیون، ئەمەش دابەزینێکی چاوەڕواننەکراوە لە بەراورد لەگەڵ ئاستی ئاسایی پێش جەنگ کە رۆژانە 100 کەشتی بووە.

 

سەپاندنی گەمارۆی دەریایی

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بە فەرمی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر هەموو ئەو کەشتییانە راگەیاند کە روو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن یان لێیەوە دەردەچن.

ئەم بڕیارە کە لەسەر فەرمانی ترەمپ دەرچووە، تەواوی بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان دەگرێتەوە. لە بەرامبەردا، تاران هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی بەندەرەکانی وڵاتانی دراوسێی کردووە و بە کردەیی گەرووەکەی بە رووی زۆربەی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا داخستووە.

 

رێڕەوی نوێ و مەترسییەکانی مین

سوپای پاسدارانی ئێران، نەخشەیەکی نوێی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان سەپاندووە، ئێستا کەشتییەکان ناچارن لە نێوان دوورگەکانی "لاراک" و "هورمز" لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێراندا گەشت بکەن.

ئیبراهیم جەباری، راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاندووە، کە رێڕەوە کۆنەکان "ناوچەی قەدەغەکراون" و ئەگەری هەبوونی مینی دەریایی لێ دەکرێت، هەڕەشەی ئەوەشی کرد هەر کەشتییەک پابەند نەبێت "ئاگر لە جەستەی بەردەدرێت".

رۆژی سێشەممە، سێ کەشتی تانکەر لەو ڕێڕەوە نوێیەوە تێپەڕین، لەوانە کەشتی (Peace Gulf) کە ئاڵای پەنەمای هەڵکردبوو و بەرەو ئیمارات دەچوو، لەگەڵ دوو کەشتی تر (Rich Starry و Elpis) کە لە لایەن ئەمریکاوە سزادرابوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕوویان لە بەندەرەکانی ئێران نەبوو، گەمارۆکە نەیگرتنەوە.

 

ئاماری هێرشەکان و لێکەوتە ئابوورییەکان

داتاکانی (Kpler) ئاشکرای دەکەن، کە لە ماوەی جەنگەکەدا 22 کەشتی هێرشیان کراوەتە سەر.

ئەم ناسەقامگیرییە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی %20ـی سوتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا، کە بە گەورەترین پەککەوتنی وزە لە مێژوودا دادەنرێت.

بە پێی زانیارییەکان نرخى نەوت بە رێژەی 50% بەرز بووەتەوە و کەرتی پیشەسازی لە وڵاتانی ئاسیا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. 

سەرباری ئەوەی لە ٨ـی نیسانەوە ئاگربەست راگەیەندراوە، بەڵام دۆخەکە هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و تەنیا 45 کەشتی لەو رێکەوتە بە دواوە تێپەڕیون، ئەمەش نیشانەی بەردەوامی ترسی کۆمپانیاکانی کەشتیوانییە لە ئاییندەی ئاسایشی گەرووی هورمز.