ریاڵ مەدرید دەیەوێت هاتریک بەرامبەر بایرن میونشن بکات

بایرن میونشن - ریاڵ مەدرید
بایرن میونشن - ریاڵ مەدرید

ریاڵ مەدرید دوای دۆڕانەکەی یاری چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی بەرامبەر بایرن میونشن، ئەمجارەیان لە یاری گەڕانەوە و لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە یاریگای ئالیانز ئارێنا دەبێتە میوانی یانە ئەڵمانیەکە.

سبەی چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026 کاتژمێر 22:00 بە کاتی هەولێر، یانەکانی بایرن میونشن و ریاڵ مەدرید لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. یانە ئیسپانیەکە یاری چوونی بە ئەنجامی 1-2 دۆڕاندووە، بۆیە ئەو یانەیە لە پێناو گەیشتن بە قۆناغی پێشکۆتایی پێویستی بە بردنەوەیە بە جیاوازی دوو گۆڵ.

هەردوو یانە پێشتر 23 جاری دیکە لە مێژووی چامپیۆنزلیگ یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە و خاوەنی 10 بردنەوەن و لە سێ یاریش یەکسانبوینە. هەروەها جەمسەرەکەی ئەوروپا دووجاری دیکە لە قۆناغی چارەکی کۆتایی یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە و ریاڵ مەدرید هەردوو جارەکە لەسەر دەستی بایرن گەیشتووەتە قۆناغی پێشکۆتایی و ئەمجارەشیان ئەگەر بتوانێت یانە ئەڵمانیەکە تێپەڕێنێت، ئەو کاتە هاتریک لە قۆناغی چارەکی کۆتایی بەرامبە رکابەرەکەی دەکات.

کیلیان ئێمباپێ گۆڵکاری فەڕەنسی یانەی ریاڵ مەدرید، کە بە تۆمار کردنی 14 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی چامپیۆنزلیگی گرتووە، بەبێ کێشە بەشداری کۆتا راهێنانەکانی یانەکەی کرد و بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت، ئەمە لە کاتێکدا گومانێک هەبوو ئەو یاریزانە بەهۆی پێکانەکەی یاری بەرامبەر جیرۆنا، لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەی نەبێت.

ریاڵ مەدرید تاکە یانەیە زیاتر لە هەموو یانەیە گەیشتووەتە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەو یانەیە پێشتر 20 جار گەیشتووەتە ئەو قۆناغە و لە دوای ئەوانیش یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دێت، کە ئەو یانەیەش 17 جار گەیشتووەتە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.