لیندزی گراهام پێنج مەرجی وەک هێڵی سووری ترەمپ بۆ رێککەوتن لەگەڵ تاران دیاری کرد

لیندزی گراهام، هۆشداری توند دەداتە ئێران و رایگەیاند، پێویستە تاران پێنج مەرجی سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ قبووڵ بکات بۆ ئەوەی وەک وڵات بمێنێتەوە، جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، دەبێت ئەمریکا لە ڕێگەی سەربازییەوە کارەکە تەواو بکات

سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکانی ئەمریکا لە تۆڕۆ کۆمەڵایەتیی ئێکس لە پەیامێکدا دژایەتی خۆی بۆ دەنگۆکانی درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران دەربڕی. گراهام ئاماژەی بەوە کرد، تاران دەیەوێت بە پێشکەشکردنی سازشی بچووک و بێبایەخ کات بکوژێت و یارییە کۆنەکانی خۆی دووبارە بکاتەوە.

گراهام پێنج مەرجی وەک هێڵی سووری ترەمپ بۆ هەر رێککەوتنێکی داهاتوو لەگەڵ تاران دیاری کرد، کە بریتین لە:

  1. راگرتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم.
  2.  خستنی نزیکەی 900 پاوەند یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا.
  3.  کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی دەریایی بەبێ هیچ دەستوەردانێکی ئێران.
  4.  وازهێنان لە بەرنامەی موشەکی بالیستیی دوورهاوێژ و هەموو هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.
  5.  راگرتنی پشتگیریکردنی سەرجەم گرووپە چەکدارە لایەنگرەکانی لە ناوچەکەدا.

سیناتۆرە کۆمارییەکە رایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە رێگە دەدات ئێران وەک نەتەوەیەک بوونی هەبێت، بەڵام نەک وەک گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانی گرووپە چەکدارەکان".

گراهام پەیامەکەی بە هەڕەشەیەکی توند بۆ سەر تاران کۆتایی پێهێنا و گوتی: "ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، کاتی ئەوە هاتووە کارەکە تەواو بکەین،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگەکە بە شێوەی سەربازی ئەگەر ئێران مەرجەکان رەت بکاتەوە.