ئێران: زیانەکانی جەنگ 270 ملیار دۆلارە
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران رایگەیاند کە بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، زیانە وێرانکەرەکانی جەنگی ئێستا گەیشتوونەتە 270 ملیار دۆلار. هاوکات سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاشکرایان کردووە کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شاندی ئەمریکا و ئێران بگەڕێنەوە بۆ ئیسلام ئاباد بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست.
سێشەممە 14ی نیسانی 2026، فاتیمە کۆچەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، بە ئاژانسی ریا نۆڤۆستیی رووسی رایگەیاند، کە خەمڵاندنی سەرەتایی بۆ زیانەکانی جەنگی ئێستا 270 ملیار دۆلارە، بەڵام جەختی کردەوە ئەم ژمارەیە کۆتایی نییە و رەنگە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
فاتیمە کۆچەرانی ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی قەرەبووی جەنگ یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی و لە گفتوگۆکانی پێشووی ئیسلام ئابادیشدا خراوەتەڕوو.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە شاندی دانوستانکاری ئەمریکا و ئێران بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بگەڕێنەوە بۆ پایتەختی پاکستان. ئەم هەوڵە نوێیە دوای ئەوە دێت کە گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان، کە 21 کاتژمێری خایاند لە نێوان جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بەبێ رێککەوتن کۆتایی هاتبوو.
پاکستان پێشنیازی کردووە کە پێش 21ی نیسان کۆتاییهاتنی ئاگربەستە دوو هەفتەیییەکە، خولێکی دیکەی گفتوگۆکان میوانداری بکات. بەرپرسانی پاکستان دەڵێن ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە دیپلۆماسییەکی بەردەوام و شکستەکەی هەفتەی رابردوو بە مانای کۆتاییهاتنی هەوڵەکان نایەت.