ئیسرائیل و لوبنان لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆ بۆ ئاشتی رێککەوتن
ئیسرائیل و لوبنان، بۆ دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ گەیشتوونەتە رێککەوتن. ئەمەش وەک یەکەمین هەوڵی دیپلۆماسی باڵا نێوانیانە بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتییەکی گشتگیر و سەقامگیریی ناوچەیی.
سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، میوانداری کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی مێژوویی کرد بە ئامادەبوونی شاندی باڵای ئیسرائیل و لوبنان بە چاودێریی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
بە پێی راگەینەراوی هاوبەشی نێوان سێ وڵاتەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی بەرهەمدار ئەنجام دراوە سەبارەت بە هەنگاوەکانی دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
هەڵوێستی ئەمریکا
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، واشنت هیوای خواست ئەم دانوستانانە ببێتە هۆی ئاشتییەکی گشتگیر. هەروەها ئەمریکا جەختی لە مافی ئیسرائیل کردەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی حزبوڵڵا و دووپاتی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک بۆ راگرتنی شەڕ دەبێت تەنیا لە نێوان هەردوو حکوومەت و بە نێوەندگیریی ئەمریکا بێت.
هەڵوێستی ئیسرائیل
لایەنی ئیسرائیلی پشتیوانی خۆی بۆ داماڵینی چەکی سەرجەم گرووپەکان و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئەو گرووپانە لە لوبنان دەربڕی.
ئیسرائیل پابەندبوونی خۆی نیشاندا بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی لوبنان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتیاینی هەردوو وڵات و گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام کە سەقامگیری و گەشەسەندن بۆ ناوچەکە بە دی بهێنێت.
هەڵوێستی لوبنان
لە لایەکی دیکەوە لایەنی لوبنانی رایگەیاند، کە دەبێت یەکپارچەیی خاک و سەروەریی تەواوی وڵات پارێزراو بێت، هاوکات داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و گرتنەبەری رێوشوێنی کرداریی کرد بۆ سوککردنی ئەو قەیرانە مرۆییە سەختەی کە بەهۆی ململانێ بەردەوامەکانەوە رووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوە هاوبەشەکە، سەرجەم لایەنەکان رێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ لە کات و شوێنێکی گونجاودا کە لە داهاتوودا دیاریی دەکەن.
هەورەها پێیان وایە پڕۆسەی دانوستانەکان دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی لوبنان و رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ هەردوو وڵات.