ئێران تۆمەتەکانی بەحرەین رەتدەکاتەوە

ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ ئەمینداریی گشتیی و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وەڵامی بانگەشە و تۆمەتەکانی ئەم دواییەی شانشینی بەحرەینی دایەوە.

لە نامەکەدا هاتووە: "لەسەر فەرمانی حکوومەتی وڵاتەکەم و لە بەردەوامی نامەگۆڕینەوەکانی پێشوودا، وەڵامی نامەکەی رێککەوتی 7ـی نیسانی 2026، نوێنەری هەمیشەیی بەحرەین دەدەینەوە، کە بە نوێنەرایەتی ژمارەیەک لە دەوڵەتانی دراوسێ لە ناوچەی کەنداو ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرابوو."

ئیروانی لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا جەختی کردووەتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم ئەو بانگەشانەی لە نامەکەی بەحرەیندا هاتوون، بە شێوەیەکی توند رەتدەکاتەوە. نوێنەری ئێران ئەو تۆمەتانەی بە "بێبنەما و چەواشەکارانە" وەسف کردووە کە بە مەبەست بۆ تێکدانی راستییەکان بڵاوکراونەتەوە.