شەهباز شەریف سەردانی سعوودیە دەکات

وێنە: ئەرشیف
وێنە: ئەرشیف

سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە مەبەستی نێوەندگیری لە نێوان ئەمەریکا و ئێران و وەرگرتنی پاڵپشتی دارایی، سەردانی عەرەبستانی سعوودیە دەکات؛ ریازیش بڕی 3 ملیار دۆلار وەک هاوکاری دەخاتە سەر هەژماری بانکە پاشەکەوتەکانی ئیسلام ئاباد.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەرەو شاری جەدەی سعوودیە بەڕێکەوت، ئەمەش لە کاتێکدایە ئیسلام ئاباد لە هەوڵێکی دیپلۆماسی چڕدایە بۆ نێوەندگیری و ئاسانکاری لە دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئەمەریکا و ئێران.

پاکستان و سعوودیە پەیوەندییەکی ستراتیژیی توندوتۆڵیان هەیە. سعوودیە وەک یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا دەبینرێت، کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە مانگی شوباتی رابردووەوە، چەندین جار کەوتووەتە ژێر هێرشەکانی ئێران.

هاوکات وەزارەتی دارایی پاکستان بڵاویکردەوە، ریاز رەزامەندی دەربڕیوە بە پێدانی 3 ملیار دۆلار وەک سپاردە بۆ بەهێزکردنی یەدەگی دراوی بیانیی پاکستان. ئەم هەنگاوەی سعوودیە دوای ئەوە دێت کە ئیسلام ئاباد رایگەیاندبوو بڕی چەند ملیار دۆلار قەرزی ئیماراتی گەڕاندووەتەوە.

محەمەد ئۆرەنگزێب، وەزیری دارایی پاکستان کە ئێستا بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF) لە واشنتنە، ئاشکرای کرد کە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا ئەو 3 ملیار دۆلارە بگاتە دەستیان. ئاماژەی بەوەش کرد، سپاردەیەکی دیکەی پێشووی سعودیە کە بڕەکەی 5 ملیار دۆلارە، بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکراوەتەوە.