دەشتی کەلهوڕی بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە

دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، بەرهەمێکی نوێ بەناوی "زانکۆ"، کە تایبەتە بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بڵاوکردەوە.

دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "بۆ یەکەمجارە لە مێژووی کوردستاندا، هونەرمەندێک گۆرانی بۆ زانکۆیەک بڵێت، ئەوە جێگەی شانازییە بۆمن، هەروەها ئەو بەرهەمەی کە بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانم گوتووە، لە ئاوازی خۆمە و دکتۆر ئەحمەد باوەڕ شیعرەکەی بۆ داناوە، هەروەها لەلایەن ئەمیر جەباریان کاری میوزیک و دابەشکردنی بەرهەمەکەی کردووە.

دەشتی کەلهوڕی گوتیشی، "تێکستەکە گوزارشت لە جوگرافیای مەزنی کوردستان و مەینەتییەکانی گەرمیان و ئازایەتی گەلی کورد دەکات. ئەو سروودە باس لە ئەنفال و قارەمانێتی ناوچەی گەرمیان دەکات، ئەو زانکۆیەش بەرهەمی ئەو قارەمانێتیە و کۆڵنەدان و ئەو هەموو ئەنفالەی گەرمیانە.

کەلهوڕی باس لە گرنگی ئەو بەرهەمە نوێیەی دەکات و دەڵێت، "شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە یەکەم هونەرمەند بم لە مێژووی کوردستاندا سروودێکی تایبەت بە زانکۆ بچڕم. سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان دەکەم بۆ متمانە و هاوکارییان.

دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە شاری کەرکووک لەدایک بووە، بەڵام لە کەلار ژیانی بەسەر بردووە، ماوەی زیاتر لە 24 ساڵە لەدەرەوەی وڵات دەژی. دەشتی کەلهوڕی هەر لە منداڵییەوە هەست بە سەرهەڵدانی هونەری گۆرانیبێژی لەنێو ناخی خۆیدا دەکات و هەر لەو کاتەوە لەنێو خێزان و هاوڕێیانی گۆرانی دەچڕێت، بەڵام ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بە شێوازێکی تەواو دەستی بە هونەری گوتنی گۆرانی کردووە و زۆربەی کارە هونەرییەکانیشی نیشتمانین.