کۆشکی سپی: گەڕی نوێی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەدەچێت

وەزیری دارایی ئەمریکا: واشنتن بڕیاری داوە مۆڵەتی بازرگانی نەوت بۆ رووسیا نوێ نەکاتەوە و داراییەکانی سوپای پاسداران بلۆک بکات

کۆشکی سپی رایگەیاند کە هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی وادەی 21ـی نیسان لە ئارادا نییە و دەبێت ئێران مەرجەکانی ئەمریکا قبووڵ بکات، هاوکات وەزارەتی دارایی ئەمریکا بڕیاری دا بە راگرتنی لێخۆشبوونە کاتییەکان بۆ نەوتی رووسیا و بلۆککردنی تەواوی داراییەکانی سوپای پاسداران لە بانکەکانی جیهاندا.

چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەو هەواڵانەی باس لە رەزامەندیی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکەن دوورن لە راستییەوە." جەختی کردەوە کە هەرچەندە دانوستانەکان لە رێگەی پاکستانەوە وەک تاکە نێوەندگیر بەردەوامن، بەڵام هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ درێژکردنەوەی وادەی 21ـی نیسان نەدراوە.

لەسەر زاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتی: "درێژکردنەوەی ئاگربەست لە کارنامەماندا نییە و ئێران دەبێت مەرجەکانمان قبووڵ بکات."

سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی بەتەواوی جێبەجێ کراوە و هێزەکانی ئەمریکا رێگری لە هەر کەشتییەک دەکەن کە بیەوێت لە بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو (فارس) و دەریای عومانەوە هاتووچۆ بکات.

هاوکات لەگەڵ توندکردنی سزاکان، رایگەیاند ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ لایەنی ئێرانی و گوتی: "گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوامن و ئێمە هەستێکی باشمان هەیە بەرانبەر بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەری زۆرە خولی داهاتووی دانوستانەکان هەر لە (ئیسلام ئاباد)ی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.

کارۆلاین لێڤت ئاشکرای کرد کە "شی جینپینگ" سەرۆکی چین، دڵنیایی داوەتە ترەمپ کە وەک وەڵامێک بۆ فشارەکان، چیتر چەک ناداتە ئێران.

لە لایەکی ترەوە، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی سەرنجی خستە سەر سەرکەوتنی سیاسەتە ئابوورییەکانی ترەمپ و رایگەیاند کە کەمکردنەوەی مێژوویی باجەکان بووەتە هۆی ئەوەی تێکڕای 3,400 دۆلار بۆ هەر خێزانێکی ئەمریکی بگەڕێتەوە. ئەم گەشە ئابوورییە وەک هێزێکی پاڵپشت بۆ ئیدارەی ترەمپ دەبینرێت تاوەکوو لە دانوستانە نێودەوڵەتییەکاندا پێگەی بەهێز بێت.

هاوکات سکۆت بێسێنت، وەزیری دارایی ئەمریکا کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی کۆرۆڵاین لێڤت بەشداربوو رایگەیاند، واشنتن بە هیچ شێوەیەک وادەی لێخۆشبوونی کاتی لە سزاکان نوێ ناکاتەوە کە رێگەی بە فرۆشتنی ئەو نەوتە رووسیانە دەدا کە ئێستا لە ناو دەریاکاندان.

وەزیری دارایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتیشی: "ئێمە مۆڵەتی گشتی بۆ نەوتی رووسیا نوێ ناکەینەوە."

ئەم بڕیارە تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دارایی هەمان بڕیاری بۆ نەوتی ئێران دەرکرد. پێشتر ئەمریکا ئەم لێخۆشبوونە کاتییانەی بۆ ئەوە بوو کە بازاڕی وزە تووشی شۆک و کورتهێنانی دابینکردنی سووتەمەنی نەبێت بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بەڵام ئێستا واشنتن بڕیاری داوە ئەو فشارە ئابوورییە چڕ بکاتەوە.

سکۆت بێسێنت، ئاماژەشی دا، ئەمریکا دەستی کردووە بە بلۆککردنی تەواوی پارەکانی ئێران و سوپای پاسداران لە جیهاندا. بێسێنت هۆشداری دا کە هەر وڵات یان بانکێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، رووبەڕووی سزای لاوەکی توند دەبێتەوە.

ئاشکراشی کرد کە دوو بانکی چینی هۆشداریی توندیان پێدراوە بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران.