فیفا داوایەک لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات

ئینفانتینۆ - ترەمپ
ئینفانتینۆ - ترەمپ

جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێی '' فیفا ''، دەیەوێت داواکارییەک پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بکات، بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026، رێکاری ئەمنی زیاتر و هەروەها ئاسانکاری زیاتر بۆ هاندەران بکەن.

رۆژنامەی سەنی بەریتانی بڵاویکردەوە فیفا خەریکی تاوتوێکردنی پێشکەشکردنی داواکارییەکی فەرمییە بە حکومەتی ئەمریکا، بە مەبەستی ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی چالاکییەکانی فەرمانگەی کۆچ و گومرگ (ICE) لە کاتی بەڕێوەچوونی مۆندیاڵی 2026، بەتایبەتی لەو شارانەی میوانداریی یارییەکان دەکەن. 

ئەم پێشنیازە دوای ئەو مشتومڕە بەرفراوانانە دێت کە لە مانگەکانی ڕابردوودا سەبارەت بە ڕێکارەکانی ئەو دامەزراوەیە دروست بوون، هەندێک لە بەرپرسانی فیفا نیگەرانن لە کاریگەریی ئەو ڕێکارانە لەسەر کەشوهەوای گشتیی پاڵەوانێتییەکە و پێیوانوایە کاریگەری زۆری لەسەر رێژەی هاندەران دەبێت.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە دانوستانە سەرەتاییەکاندا، ئەگەری دوورخستنەوەی هێزەکانی کۆچبەری لە یاریگا سەرەکییەکانی شارەکانی وەک نیویۆرک، میامی، لۆس ئەنجلس و دالاس تاوتوێ کراوە، ئەمەش بە مەبەستی دابینکردنی کەشێکی ئارام و دوور لە گرژی بۆ هاندەران و تیپە بەشداربووەکان.