راوێژکاری ڕێبەری ئێران: ئامادەی جەنگێکی درێژخایەنین
راوێژکاری ڕێبەری ئێران: گەرووی هورمز هێڵی سوورە
موحسن ڕەزایی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران، لە لێدوانێکی تونددا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی بە تەواوی ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە و جەنگێکی درێژخایەن، ئاماژەی بەوەش کرد، بە پێچەوانەی ئەوانەوە، ئەمریکییەکان لە شەڕی بەردەوام دەترسن.
ڕەزایی جەختی کردەوە، تاران بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری گەرووی هورمز نابێت و گوتی: "تاوەکو بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانمان، گەرووی هورمز هێڵی سوور دەبێت." هەروەها پرسیارێکی ئاراستەی لایەنی ئەمریکی کرد و گوتی: "ئەگەر هێزی دەریایی ئێران تێکشکاوە، ئەی بۆچی ئەمریکا ناوێرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت؟"
سەبارەت بە ئەزموونی دانوستانەکانی رابردوو، راوێژکارەکەی خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمجارە ئێران زۆر وردتر دەبێت لە داڕشتنی هەر رێککەوتنێک و جەختی سەرەکی لەسەر پرسە ئابوورییەکان دەبێت. گوتیشی: "بە پێچەوانەی دانوستانەکانی پێشوو کە نەیارەکانمان مەرجیان دادەنا، ئەمجارە ئێرانە کە مەرجە پێشوەختەکان دیاری دەکات."
ئەم لێدوانانەی ڕەزایی لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتووەتە لووتکە. لە 12ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو ئەو کەشتیانەدا سەپاند کە بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لێی دەگەڕێنەوە. ئەم بڕیارەش دوای شکستی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد هات کە 21 کاتژمێری خایاند و بەهۆی ناکۆکی لەسەر مەلەفی ئەتۆمی و داواکارییەکانی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز بێ ئەنجام کۆتایی هات.
شایەنی باسە لە 28ـی شوباتی 2026ەوە، ناوچەکە لە دۆخی جەنگدایە و ئێران توانیویەتی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی نیمچە تەواو بەڕووی وڵاتانی نەیاردا دابخات، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی بازاڕەکانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.