هیوا ئەحمەد: لەجیاتی خزمەتکردنی کەرکووک هەر رۆژە و پارچەیەکی لێ دەفرۆشن

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، دەڵێت، ئەم کڕین و فرۆشتنەی کە لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ەوە بە خەڵک و شاری کەرکووک دەکرێت، بەتەواوی شەرمەزار دەکەین.

ئەمڕۆ 16ـی نیسانی 2026، هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، لە راگایەندراوێکدا، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە پەراوێزخستن و مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کەرکووک دەربڕی.

لە راگایەندراوەکەدا هاتووە، "ئەم کڕین و فرۆشتنەی کە لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ەوە بە خەڵک و شاری کەرکووک دەکرێت، بەتەواوی شەرمەزار دەکەین، جێگەی پرسیارە ئەم ئازاردانەی خەڵکی ماندووی کەرکووک لەپێناو چیدایە؟".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەبری ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان خزمەتی خەڵک و شارەکە بکەن، "هەر رۆژەی پارچەیەکی لێ دەفرۆشن و گەلی کورد لەم شارە دڵشکاو دەکەن."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هیوا ئەحمەد مستەفا جەختی کردەوە، بەتەواوی سەرجەم ئەو کردەوە ناتەندروست و نانەتەوەییانە رەتدەکەنەوە و گوتیشی: "هەرگیز نابینە بەشێک لێیان، چونکە ئەمەی ئێستا دەکرێت دەچێتە ناو لاپەڕە تاریکەکانی مێژووەوە."

دوێنێ چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نووسراوێکی بە پەلەی بە ژمارە م/232 لە بارەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بڵاوکردووەتەوە و بڕیارە کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاتژمێر 12 بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی کارنامەکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رێبوار تەها مستەفا دەست لەکار دەکێشێتەوە و محەممەد سەمعان بە پارێزگاری نوێ دەستبەکار دەبێت.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، بافل تاڵەبانی لەگەڵ حەلبووسی و کلدانی رێککەوتووە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک، لە رێبوار تەها وەربگیرێتەوە و بدرێتە محەممەد سەمعان کە سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقە و بۆ حەوت مانگ پارێزگاری کەرکووک دەبێت، دوای ئەو پۆستەکە بە کەسێکی عەرەبی سوننە دەدرێت و تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پۆستی پارێزگای کەرکووک لە دەستی عەرەبی سوننە دەمێنێتەوە.

لە بەرانبەر پێدانی پۆستی پارێزگار بە تورکمان و عەرەبی سوننە، بافڵ تاڵەبانی داوای جێگری پارێزگار و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و قایمقامەکانی دووبزو داقوقی کردووە.

ئەم رێککەوتنە لە پێناو سەرکەوتنی کاندیدی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کراوە، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، قەیس خەزعەلی و رەیان کلدانی کردوویەتی؛ شەممە، 11 ـی ئەم مانگە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق، رێککەوتنەکەیان جێبەجێکرد تەنانەت دوو ئەندامەکەی تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان بە نزار ئامێدی دا، ئێستا تۆپەکە کەوتووەتە گۆڕەپانی یەکێتی و دەبێت رێککەوتنەکەی بۆ رادەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک جێبەجێ بکات.