لە فەرەنسا لووتکەیەک لەبارەی کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕێوەدەچێت

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و کییەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ هەینی، 17ـی نیسانی 2026، دەیان وڵات بەبێ بەشداریی ئەمریکا کۆدەکەنەوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کە رێڕەوێکی سەرەکی نەوتییە و بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران داخراوە.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پاریس بەشێکە لە هەوڵی ئەو وڵاتانەی بەشدارییان لە جەنگی ئێران نەکردووە، بەڵام داخستنی گەرووی هورمز ئابووری جیهانی هەژاندووە، کە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران گەرووەکەی داخست کە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

ئەمریکا بەشێک نییە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پاریس کە لەژێر دروشمی "دەستپێشخەری ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز" بەڕێوەدەچێت.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، ئەرکی دابینکردنی ئاسایش بۆ کەشتیوانی لە رێگەی گەرووەکەوە تەنیا بەرگریکارانە دەبێت، سنووردارە بەو وڵاتانەی جەنگەکەیان نەکردووە.

ماکرۆن و ستارمەر سەرکردایەتی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیان کردووە بۆ زیادکردنی فشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەسەر ئێران، کە ستارمەر تاران بە بارمتەگرتنی ئابووری جیهانی تۆمەتبار دەکات، راگەیاندنی گەمارۆی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، مەترسییە ئابوورییەکانی زیاتر کرد.

ستارمەر پێش کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە، "کردنەوەی گەرووەکە بەبێ مەرج و دەستبەجێ بەرپرسیارێتییەکی جیهانییە و دەبێت کاربکەین بۆ ئەوەی وزە و بازرگانی جیهانی جارێکی دیکە بە ئازادی بکرێنەوە."