یەکێتی دەیەوێت بە کاندیدەکەی رەیان کلدانی رووی خۆی سپی بکاتەوە

رێککەوتنی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، رووبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایی دانیشتووانی شاری کەرکووک بووتەوە، بەڵام بە نیازە بە ناردنی ئەندامەکەی بزووتنەوەی بابلیون بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەن، رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە تەواو بکات، بەڵام بە بەشداری پێنەکردنی پێنج ئەندامی حزبەکەی، رووی یەکێتی سپی بکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی نیسانی 2026، شاری کەرکووک کە مێژووییەکی درێژی لە ململانێی سیاسی هەیە، رووبەڕووی دۆخێکی نوێ و هەستیار بووەتەوە؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی هێمن دەلۆ پەیامنێری کوردستان24، رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە داهاتووی ئیدارەی شارەکە، شەپۆلێکی توندی نائومێدی و نیگەرانی لای دانیشتووانی کەرکووک، بەتایبەت لای پێکهاتەی کورد و هێزە سیاسییەکان دروستکردووە.

لە دوای بڵاوکردنەوەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ دەست لەکارکێشانەوەی رێبوار تەها لە پۆستی پارێزگار و رادەستکردنی پۆستەکە بە بەرەی تورکمانی عێراق، لە ئێوارەی دوێنێکەوە هاووڵاتیانی کوردی دانیشتووی کەرکووک دژی ئەم رێککەوتنە خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە.

هەر لە بارەی رێککەوتنەکەی بافڵ تاڵەبانی لە بارەی دەستبەرداربوونی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردستان24، راگەیاند "بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەن تایبەت بە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار ناکەین".

بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی خراوەتەروو، بڕیارە ئەمڕۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان "رێبوار تەها" و "محەممەد سەمعان ئۆغڵۆ" ئاڵوگۆڕ بکرێت. 

لە رووی یاساییەوە، بەستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم گومانێکی گەورەدایە، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 16 ئەندام پێکهاتووە و بۆ تەواوکردنی رێژەی یاسایی (50+1) پێویستی بە ئامادەبوونی 9 ئەندام هەیە، ئەگەر پێنج ئەندامەکەی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادەی کۆبوونەکە نەبن، ئەوا سەرۆکی یەکێتی بە نیازە بە ناردنی ئەندامەکەی رەیان کلدانی، رێژەی یاسایی تەواو بکات و کۆبوونەوەکە بکرێت.

هەروەها بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ پێنج ئەندامەکەی یەکێتی و ئەندامەکەی بابیلۆن لە شاری کەرکووک رێکخستووە بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی دیکەیە تا کۆبوونەوەکە بکرێت.

دوای تێپەڕبوونی 18 ساڵ، دانیشتووانی کەرکووک لە 1ـی کانوونی یەکەمی 2023دا، لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی 16 ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا، کە 11 کورسی ئەنجوومەنەکە بۆ پیاوان، چوار کورسی بۆ ئافرەتان و یەک کورسیش بۆ کۆتای پێکهاتەکان بوو، ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک، کورد حەوت کورسی هەیە و دابەشبوونەکە بەمشێوەیە.
7 کورسی کورد (5 بۆ یەکێتی و 2 بۆ پارتی).
6 کورسی عەرەب
2 تورکمان
1 مەسیحی