هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی قەسرک کشانەوە
تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی قەسرک کشانەوە و بەپێی زانیارییەکانیش ئەو هێزانە ڕوو لە وڵاتی ئوردن دەکەن، لە جێگەی ئەوانیش فیرقەیەکی سوپای سووریا جێگیر دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16نیسانی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە سووریا رایگەیاند، پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی قەسرک بەکۆتا هاتووە و تەواوی هێزەکان بنکەکەیان چۆڵکردووە و بەرەو ئوردن بەڕێکەوتوون.
سەبارەت بە پڕکردنەوەی شوێنی ئەو هێزانە، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە "فیرقەی 60"ـی سوپای سووریا لە بنکەی سەربازیی قەسرک جێگیر بکرێت.
زانیارییەکان ئەوەش ئاشكرا دەکەن کە فیرقەی 60ـی سوپای سووریا، لە بنەڕەتدا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێکهاتووە و ئێستا لە چوارچێوەی ئەو فیرقەیەدا ئەرکی پاراستنی ئەو بنکەیەیان پێ سپێردراوە.
دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، گۆڕانکارییەکی خێرا و گەورەی مەیدانی لە رۆژئاوای کوردستان روویدا، لە لایەک ئەمریکا خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانیەتی و لە لایەکی دیکەشەوە نەخشەی کۆنتڕۆڵی هێزە ناوخۆییەکان دادەڕێژرێتەوە.
پرۆسەی چۆڵکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، لە 23ـی شوباتی 2026، پەیامنێری کوردستان24 زانیاریی ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە دووەم کاروانی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی "قەسرک"ـەوە بەرەو سنوورەکانی عێراق کشانەوە.
بەهۆی ئەوەی بنکەی قەسرک یەکێکە لە گەورەترین بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، پرۆسەی کشانەوەکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت، ئەو کاروانانەی ئەمریکا کە لە قامیشلۆوە بەرەو عێراق چوون پێکاهتبوون لە دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی، زریپۆش و بارهەڵگری گەورە.
بە کشانەوەی ئەمریکا، مامەڵەکردن لەگەڵ بنکە سەربازییەکان بەم شێوەیەی لێ دێت،
بنکەی شەدادی، پێشتر ئەمریکا لێی کشایەوە، بەشێکی رووخاند و بەشەکەی دیکەی رادەستی حکوومەتی سووریا کرد.
بنکەی تەلبێدەر، دەکەوێتە نزیک قەسرک و پێشتر چۆڵکرابوو، هەسەدە رایگەیاندووە کە رادەستی ئەوان دەکرێت و دەبێتە بارەگای لیوایەکی سەر بە هێزەکانیان.
بنکەی خرابلجیر دوای کۆتاییهاتنی تەواوی ئەم پرۆسانە، تاکە پێگەی ئەمریکا کە هێزەکانی تێدا دەمێنێتەوە، ئەم بنکەیەیە کە دەکەوێتە نێوان تلکۆچەر و رمێلان.