یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران: نزیکەی 300 هەزار باری بازرگانان لە بەندەر عەباسی ئێران گیریانخواردووە
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، کاڵا و کەلوپەلی هاوردەکراوی بەشێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان، کە لە بەندەر عەباسەوە هاوردە دەکرێن، گیریانخواردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە تەواوی جووڵە بازرگانییەکانی گەرووی بەندەر عەباس وەستابوون، بەگوێرەی زانیارییەکان نزیکەی 300 هەزار باری کەلوپەلی جیاواز، کە بەشێکیان باری بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستان بوون، لەو بەندەرە گیریانخواردووە.
هەروەها سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "داخرانی گەرووی هورمز نابێتە، پەکخستنی جووڵە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەشێک لە کاڵاکان، چونکە رێگەی هاوردەکردنیان دوورتر بوونەتەوە و ئەمەش کاری گەری دەبێتە سەر کرێی گواستنەوە و باج.
هەروەها مستەفا عەبدولرەحمان ئاماژەشی دا کە ئێستا گەرووەکە بەڕووی ئەو بارانە کراوەتەوە کە بەر لە شەڕی ئەمریکا و ئێران بە رێکەوتبوون، بەڵام ئەو بارانەی لەدوای ئاگربەست و داخرانی گەرووی هورمز هاوردە دەکرێن، بەهۆی گەمارۆی دەیاریی ئەمریکاوە بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، رووبەڕووی ئاستەنگی دەربازبوون دەبنەوە، چونکە هێزی دەریایی ئەمریکا رێگرە لە گەیشتنی هەموو کەشتییەکی بازرگانی بۆ بەندەرەکانی ئێران.