وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئاگربەستی لوبنان بەشێکە لە تێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن
کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات و دەڵێت، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە تێگەیشتنێکی فراوانتر لە نێوان تاران و واشنتن. سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش جەخت دەکاتەوە کە سەقامگیریی لوبنان بۆ ئەوان هێندەی ئاسایشی ناوخۆی ئێران گرنگە.
رۆژی پێنجشەممە 17ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە فەرمی پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە لوبنان کرد. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وەستاندنی شەڕ لە لوبنان بەشێک بووە لە تێگەیشتنی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بە نێوەندگیریی پاکستان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو.
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە سەرەتای دەسپێکردنی گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، جەختی لەسەر پێویستی جێگیرکردنی ئاگربەستێکی هاوکات لە تەواوی ناوچەکەدا کردووەتەوە، بە جۆرێک کە لوبنانیش بگرێتەوە.
هاوکات، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەبی بڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند، وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بۆ ئەوان هەمان ئەو گرنگییەی هەیە کە ئاگربەست لە ناوخۆی ئێران هەیەتی لە شەڕی دژی ئەمریکا و ئیسرائیلدا.
قالیباف ئاشکرای کرد کە تاران لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد و قۆناخەکانی دواتر، هەوڵی داوە نەیارەکانی ناچار بکات بە چەسپاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە هەموو ناوچەکانی ململانێدا، ئەمەش بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە 8ـی نیساندا واژۆ کرا بۆ دیاریکردنی ئاگربەست بۆ ماوەی 2 هەفتە.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی تاران لە کاتێکدایە، کە هەریەک لە ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە پرۆسەی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەستی لوبنان رێڕەوێکی سەربەخۆیە و هیچ پەیوەندییەکی بە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تارانەوە نییە.