فەرماندەی سوپای ئێران: دەستمان لەسەر پەلاپیتکەی چەکەکانە

ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران، لە پەیامێکدا بەبۆنەی "رۆژی سوپا" رایگەیاند، هێزەکانی سوپا بە ورەیەکی پۆڵایین و "دەست لەسەر پەلاپیتکە" لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و دەستدرێژییەکی دوژمنان.

حاتەمی ئاماژەی بە کارنامەی سوپا لە جەنگی 8 ساڵەی ئێران و عێراق و جەنگی 12 رۆژە و جەنگی رەمەزاندا کرد و گوتی، "سوپا رێگەی نەداوە نەیاران دەستدرێژی بکەنە سەر شکۆ و سەربەخۆیی ئەم خاکە"، هەروەها ستایشی رۆڵی سوپای کرد، کە هەمیشە لە مەیدانی جەنگدا دژی دوژمنان وەستاوەتەوە و لە رووی خزمەتکردن و فریاگوزاریشەوە رۆڵی گرینگی هەبووە.

فەرماندەی گشتیی سوپا جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانیان لەژێر فەرمانی رێبەری وڵاتەکە "موجتەبا خامنەیی" و بە پشتبەستن بە توانا ناوخۆییەکان، پارێزەری ئاسایشی گەلی ئێرانن، هەروەها دووپاتی کردەوە، سوپا هەمیشە پابەندە بە دروشمی "سوپا بە فیدای گەل و گەلیش پەناگەیە بۆ سوپا". 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەمیر حاتەمی دڵنیایی دا بە گەلی ئێران، سوپا تا دوا هەناسە و تا گەیشتن بە سەرکەوتنی کۆتایی، بە هێز و ورەیەکی بەرزەوە لەسەر پەیمانی خۆی بۆ پاراستنی ئامانجەکانی شۆڕش و نیشتمان بەردەوام دەبێت.

رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و چەندین سەرکردەی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگای سەربازیی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.

دوای 39 رۆژ لە هێرش و بۆردومان، ئێران و ئەمریکا لە پاکستان لەسەر ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە رێککەوتوون. بەگوێرەی ئەو خاڵانەی لەسەری رێککەوتوون، هێرش و بۆردومانەکان رادەگیرێن و گەرووی هورمز دەکرێتەوە، هەر یەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای ئێران ئاگربەستەکە بە سەرکەوتن بۆ خۆیان لێکدەدەنەوە.