سوپای پاسداران: ئیسرائیل دەبێت دەستبەجێ هێرشەکانی سەر لوبنان راگرێت
سوپای پاسدارانی ئێران لە بارەی دۆخی لوبنان و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا جارێکی دیکە جەخت لە جێبەجێکردنی مەرجی ئاگربەست لە هەموو بەرەکان دەکاتەوە و رایگەیاندووە " دەبێت ئیسرائیل هەرچی زووە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان رابگرێت".
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا، هۆشداری بە ئیسرائیلدا و جەخت دەکاتەوە، کە دەبێت هەرچی زووە سوپای ئیسرائیل لە خاکی لوبناندا بکشێتەوە و ناوچە داگیرکراوەکان چۆڵ بکات.
هەروەها رایگەیاندووە، مەرجێکی سەرەکی کۆماری ئیسلامی بۆ قبووڵکردنی ئاگربەست و دانوستان، ئاگربەستە لە هەموو بەرەکاندا، لەنێویاندا لوبنان، بۆیە دەبێت ئیسرائیل بەپەلە هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی لوبنان راگرێت و بە خێرایی لە لوبنان بکشێتەوە و بە فەرمی رێز لە سەروەریی خاکی لوبنان بگرێت.
سوپای پاسداران رەخنە لە وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت کە لە ئاست رەفتارەکانی سوپای ئیسرائیل بێدەنگن و هیچ کاریگەرییەکان نەبووە بەرامبەر بەوەی لە لوبنان روودەدات؛ هەر لە راگەیەندراوەکەدا، ئەمریکای بە دەسەڵاتێکی خۆ بە زلزان و سەرکوتکار ناساندووە و ئاماژەیداوە "ئەمریکا بانگەشەی چەسپاندنی ئاشتی دەکات، بەڵام لە تاوان و کۆمەڵکوژی، هیچی دیکە بەدی نەکراوە".
هەروا رایگەیاندووە "ئیسرائیل نەم هێرشەکانی دەیانکاتە سەر لوبنان، دەیەوێت شکستەکانی لە بەرەکانی جەنگدا، بە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و وێرانکردنی ماڵ، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان قەرەبوو دەکاتەوە، تا ئێستا نەیتوانیوە دڵی خەڵکی گوندێکی داگیرکراویش لەخۆی رازی بکات، تەنیا فەرمان بەسەر خاکە سووتاوەکاندا دەکات و رۆژانەش ماڵی خەڵکی ستەمدیدەی فەڵەستین و لوبنان بە دەستی ئیسرائیل وێران دەکرێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران ئاماژەیداوە "گەلانی ناوچەکە خەڵکی لوبنان بە تەنیا جێناهێڵن و دەرفەتیش بە ئیسرائیل نادەن ئەوەی لە شەڕدا نەیتوانیوە بەدەستیبهێنێت، بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە رێگەی رێککەوتننامەی سەپێندراو، بەدەستیبهێنێت؛ بۆیە مەرجێکی سەرەکی ئێران بۆ قبووڵکردنی ئاگربەستی جەنگ، راگرتنی شەڕ بووە لە هەموو بەرەکاندا، لەنێویشیاندا لوبنان، ئێستاش دەبێت سوپای ئیسرائیل بە خێرایی لە خاکی داگیرکراوی لوبنان بکشێتەوە و بچێتەوە ئەو دیوی سنوورەکان".
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە تەواوی وڵاتانی موسلمان بە هەموو توانایەکیانەوە پاڵپشتی خەڵکی لوبنان دەکەن و رایگەیاندووە "بەبێ کشانەوە لە ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان، ئاسایش و سەقامگیری لە هیچ ناوچەیەک بەرقەرا نابێت".