ئەکسیۆس: ئەمریکا لە بەرانبەر رادەستکردنی یۆرانیۆم، 20 ملیار دۆلاری ئێران ئازاد دەکات
دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە قۆناغی داڕشتنی پلانێکی 3 لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کە تێیدا تاران رەزامەندی داوە لە بەرانبەر ئازادکردنی 20 ملیار دۆلار، تەواوی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی رادەستی واشنتن بکات. هەرچەندە هێشتا ناکۆکی لەسەر ماوەی راگرتنی پیتاندن و چۆنیەتی خەرجکردنی پارەکان ماوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ جەختی لە نزیکبوونەوەی رێککەوتنەکە کردەوە و ئامادەیی نیشان دا ئاگربەستەکە بۆ دوای 21ـی نیسان درێژ بکاتەوە.
هەینی 17ـی نیسانی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای واشنتنەوە ئاشکرای کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە دانوستانێکی چڕدان لەسەر پلانێکی 3 لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رێککەوتن. بەپێی پڕۆژە رێککەوتنەکە، ئەمریکا 20 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی تاران ئازاد دەکات، لە بەرانبەردا دەبێت ئێران تەواوی کۆگای یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەست بکات.
بەپێی راپۆرتەکە، لەپێشینەی کارەکانی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە کە ئێران دەستی بە 2,000 کیلۆگرام یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی نەگات، بەتایبەت ئەو 450 کیلۆگرامەی کە بە رێژەی 60% پیتێنراوە. ترەمپ لەمبارەیەوە رایگەیاندووە کە ئێران رەزامەندی نیشانداوە کۆگای یۆرانیۆمەکە رادەست بکات و بە فەرمی رایبگەیەنێت کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت.
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران لە سەرەتادا داوای 27 ملیار دۆلاری دەکرد، بەڵام ئێستا هەردوولا لەسەر بڕی 20 ملیار دۆلار لە گفتوگۆدان. واشنتن دەیەوێت مەرجی توند دابنێت بۆ چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو پارەیە . هەروەها باس لەوە دەکرێت کە دەبێت ئێران تەواوی وێستگە ئەتۆمییە ژێرزەوییەکانی بە داخراوی بهێڵێتەوە و تەنیا لە وێستگەکانی سەر زەویدا رێگەی بە چالاکی توێژینەوەی پزیشکی بدرێت.
یەکێک لە خاڵە جێناکۆکەکان ماوەی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمە؛ ئەمریکا داوای 20 ساڵ دەکات، بەڵام تاران تەنیا 5 ساڵی قبووڵە. هەروەها پرسی مسۆگەرکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز لە ناو رێککەوتنەکەدایە، بەڵام هێشتا بۆشایی گەورە لە نێوان تێڕوانینی هەردوولادا ماوە.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، خولی دووەمی دانوستانەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت. پاکستان رۆڵی نێوەندگیری سەرەکی دەگێڕێت، لە کاتێکدا میسر و تورکیا و سعوودیە لە پشتپەردەوە پشتیوانیی پرۆسەکە دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی داوە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە زۆر لە رێککەوتن نزیکین، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەبێت، بوردوومان و تەقە دەستپێدەکاتەوە." هەروەها ئامادەیی نیشانداوە کە ئەگەر پێویست بکات، وادەی ئاگربەستەکە بۆ دوای 21ی نیسان درێژ بکاتەوە تاوەکوو دەگەنە واژۆکردنی رێککەوتنی نێو پلانە 3 لاپەڕەییەکە.