راوێژکاری ئەڵمانیا: پێویستە گەرووی هورمز بۆ هەمیشە بکرێتەوە
راوێژکاری ئەڵمانیا، لە لووتکەی پاریسدا داوای رێککەوتنێکی نوێی لە نێوان واشنتن و تاران کرد، بە مەرجی کۆتاییهێنانی یەکجاری بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و کردنەوەی هەمیشەیی و بێبەرانبەری گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی بازرگانی. جەختیشی کردەوە سەقامگیریی ئابووریی جیهان و دابەزینی نرخی وزە بەندە بە ئاسایشی ناوچەکە و راگرتنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو
هەینی 17ـی نیسانی 2026، فریدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لە میانی کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی هاوپەیمان لە پاریس، پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کرد و جەختی لەسەر پێویستیی دابەزاندنی نرخی وزە و جێگیرکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، بەرزبوونەوەی نرخی وزە و قەیرانەکان گورزیان لە هەموومان داوە، ئێمە لە هەوڵەکانماندا سەرکەوتوو نابین مەگەر ئەوەی پێکەوە کاربکەین." مێرز جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەوروپا و هاوپەیمانەکان ئەوەیە کە جارێکی دیکە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە نەبێتەوە.
مێرز داوای رێککەوتنێکی نوێی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کرد، بەڵام بەم مەرجانە، دەبێت ئێران بە یەکجاری کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت، تاران دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو رابگرێت و مێرتز بە توندی داوای کرد گەرووی هورمز بە شێوەیەکی متمانەپێکراو، هەمیشەیی و بەبێ هیچ تێچوویەک بە رووی هاتوچۆی ئازادانەی کەشتییەکاندا بکرێتەوە.
سەبارەت بە بەرەی لوبنان، راوێژکاری ئەڵمانیا رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی بە هەلێکی مێژوویی وەسف کرد بۆ کردنەوەی دەرگایەکی نوێ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
مێرز ئاشکرای کرد لەو بارەیەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەنجامداوە و هاوکات سوپاسی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە لوبنان.
مێرز دووپاتی کردەوە کە سەقامگیریی ئابووریی جیهان پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکە و کردنەوەی رێڕەوە دەریاییەکان، و ئەڵمانیاش ئامادەیە بەشداریی لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتیدا بکات کە ئارامی بۆ بازاڕەکانی وزە و هاتوچۆی بازرگانی بگەڕێنێتەوە.