سەرۆکی حکوومەت و وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی وزەی کۆشکی سپی دۆخی ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران تاوتوێ کرد؛ هاوکات سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە کارکردن لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17ـی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆگ بورگوم، وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی وزەی کۆشکی سپی، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بواری وزە و ڕۆڵی ئەرێنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی وزە کرد .
لە ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتدا هاتووە، سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی وزەی کۆشکی سپی، بیروڕایان لەبارەی دۆخی ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا، پێزانینی خۆی بۆ سەرکردایەتی و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەت لە بابەتی وزەدا دەربڕی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: مەسرور بارزانی، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و داوای پاراستنی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ژێرخانی وزە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە کارکردن لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.

