پەرلەمانتارێکی ئێران: تاران پێشنیازی کردووە پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ماوەی 5 ساڵ رابگرێت

ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، ئاشکرای کردووە، وڵاتەکەی پێشنیازێکی نوێی داوەتە واشنتن بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

هەینی 17ـی نیسانی 2026، ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی نامەوە ئاماژەی بەوە کردووە، دەیەوێت لە هەر رێککەوتنێکی ئەگەریدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بۆیە ئەو ئەندام پەرلەمانەی ئێران پێشبینیشی کرد لە خولی داهاتووی دانوستانەکاندا رێککەوتن بکرێت.

سەبارەت بە وردەکارییە تەکنیکییەکانی دۆسیە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران پێشنیازی ئەمریکای بۆ راگرتنی پیتاندن بۆ ماوەی 20 ساڵ رەتکردووەتەوە و تەنها 5 ساڵی پێشنیاز کردووە، هەروەها ئێران ئامادەیی نیشانداوە نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوخۆی وڵاتدا و لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەناو ببات، بەڵام ئەمریکا داوای بردنە دەرەوەی ئەو بڕە یۆرانیۆمە دەکات.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئەردەستانی ئاشکرای کردووە، ئەمریکا پێشنیازی کردووە داهاتی فەرمی گەرووی هورمز لەگەڵ ئێراندا دابەش بکات، بەڵام تاران ئەوەی رەتکردووەتەوە و جەختی لە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووەکەدا کردووەتەوە، هاوکات هۆشداریشی دا، ئەگەر سزاکان لانەبرێن، رەنگە تاران جارێکی تر دۆخی گەرووی هورمز گرژ بکاتەوە.

سەبارەت بە ناوخۆی ئێرانیش، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "سنووردارکردنی ئینتەرنێت پەیوەندی بە مەترسییە ئەمنییەکان و کردەوەی تیرۆرکردنەوە هەیە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەگەر رێککەوتن بکرێت، ئەوا ئەو کۆت و بەندانەش لادەبرێن."

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کردووە، گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئاساییکردنەوەی تەواوەتی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن، دوژمنایەتی نێوان ئێران و ئیسرائیل و پابەندییەکانی ئەمریکایە بەرامبەر تەلئەڤیڤ.