نەتەوە یەکگرتووەکان: بە کردنەوەی گەرووی هورمز دڵخۆشین
ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لە راگەیەنراوەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا و جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
هەینی، 17ـی نیسانی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لە بڕیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد سەبارەت بە دووبارەکردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی کەشتیوانی دەریاییدا.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، بە کردنەوەی گەرووی هورمز دڵخۆشن، بڕیاری کردنەوەی گەرووەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
لە لایەکی دیکەوە، ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە کرد، کە گۆتێرێز داوای کردووە ئازادیی تەواوەتی بۆ کەشتییەکان لەم رێڕەوە ئاوییە زیندووەدا فەراهەم بکرێت.
دوجاریک گوتی: "هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان روونە؛ پێویستە ماف و ئازادییەکانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمزدا بە تەواوەتی بگەڕێنرێنەوە و لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە رێزیان لێ بگیرێت."
ئەم هەڵوێستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ رایگەیاندبوو، کە رێڕەوی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی تەواوەتی بە رووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکاندا واڵا کراوە و هاتوچۆ تێیدا ئاسایی بووەتەوە.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و کاڵا بازرگانییەکان، کردنەوەی ئەم رێڕەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی کەنداو هەژمار دەکرێت.