ترەمپ: ئێران رازی بووە چیتر پشتگیریی دارایی گرووپە چەکدارەکان نەکات

سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند ئێران لە دانوستانەکاندا رەزامەندی نیشان داوە لەسەر راگرتنی پشتگیریی دارایی و سەربازی بۆ گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەت حزبوڵڵا و حەماس، و تەواوی کۆگای یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەستی واشنتن دەکات.

هەینی 17ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ CBS نیووز، رایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دانوستانەکاندا "رەزامەندی لەسەر هەموو شتێک" نیشانداوە، لەوانە رادەستکردنی تەواوی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی وڵاتەکەی.

ترەمپ جەختی کردەوە، ئێران کار لەگەڵ ئەمریکا دەکات بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بۆ ناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان. سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە کە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ناردنی "هێزی پیادەی ئەمریکی" هەبێت بۆ نێو ئێران و گوتی: "نەخێر، هیچ سەربازێک نانێرین. خەڵکی ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان پێکەوە کاردەکەن بۆ وەرگرتنەوەی یۆرانیۆمەکە و دواتر دەیهێنین بۆ ئەمریکا."

ترەمپ گوتیشی: "کاتێک رێککەوتن هەبێت، پێویست بە شەڕ ناکات. ئەمە زۆر باشترە، هەرچەندە ئەگەر ناچار بووینایە بە رێگەی تریش ئەنجاممان دەدا."

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە چیتر پشتگیریی دارایی و سەربازیی گرووپە چەکدارەکان نەکات، بەتایبەتی حزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە فەڵەستین.

سەبارەت بەو راپۆرتانەی کە باسیان لەوە دەکرد ئەمریکا بڕی 20 ملیار دۆلار لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکات، ترەمپ بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی: "نەخێر، ئێمە تەنانەت 10 سەنت-یشیان پێنادەین."

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە تیمی دانوستانکاری هەردوولا لەم کۆتایی هەفتەیەدا کۆدەبنەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت "تا ئەو کاتەی هەموو شتێک بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت."