هەوڵەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق چڕتر دەبنەوە

رەحیم عەبوودی، سەرکردە لە رەوتی حیکمە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناو ماڵی شیعە و چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران ئاشکرا کرد.

شەممە 18ـی نیسانی 2026، رەحیم عەبوودی، سەرکردە لە رەوتی حیکمە، تایبەت بۆ کوردستان24، گوتی، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەکیم کۆبوونەتەوە بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدی داهاتوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد،  لیستێکی 9 کەسی لەبەردەستدایە کە بە فلتەری چوارچێوەی هەماهەنگیدا تێدەپەڕن، محەمەد شیاع سوودانی و باسم بەدری وەک دیارترین ناوەکان لە گۆڕەپانەکەدا ماونەتەوە، بەڵام ئەگەرەکان بۆ کاندیدی یەکلاکەرەوە (سازان) هێشتا کراوەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا،  سەرکردەکەی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوە کرد، فشارێکی زۆری دەرەکی، بەتایبەت لە لایەن ئەمریکاوە هەیە بۆ سەر پرۆسەی سیاسی، بەڵام جەختی کردەوە، پێویستە بەرژەوەندی نیشتمانی و گەلی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت.

لە بارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، عەبوودی گوتی، ئەگەری 50% هەیە کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت ئەگەر لایەنەکان نەگەنە رێککەوتنی کۆتایی، چونکە نایانەوێت پەلە بکەن لە بڕیارێک کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاییندەی وڵات هەبێت.

رەحیم عەبودی سەرکردە لە رەوتی حیکمە، گوتیشی، رەوتەکەیان جەخت لە پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار دەکاتەوە کە بتوانێت سەقامگیری بۆ وڵات بگەڕێنێتەوە و دوور بێت لە ململانێیە کەسی و حزبییەکان.

ئەم چاوپێکەوتنە لە کاتێکدایە کە عێراق لە قەیرانێکی سیاسی قووڵدایە و لایەنەکان هەوڵ دەدەن پێش کۆتایی هاتنی وادە دەستوورییەکان بگەنە ئەنجام.