چای سەوز باشترین حەبی بەختەوەری سروشتییە بۆ باشترکردنی مەزاج
شارەزایانی بواری تەندروستی رایدەگەیەنن، گوێگرتن لە میوزیک، وەرزشکردن، یان گۆڕینی پلەی گەرمی ئاو لە کاتی خۆشۆردندا، کاریگەرییەکی خێرایان لە ماوەی 5 بۆ 10 خولەکدا هەیە بۆ باشکردنی باری دەروونی، بەڵام کاتێک مرۆڤ وزەی پێویستی بۆ ئەو چالاکییانە نەبێت، هەندێک خواردن و خواردنەوە دەبنە جێگرەوەی خێرا.
دکتۆر رۆمان پریستانسکی، پسپۆڕی خۆراک، ئاماژە بەوە دەکات، چای سەوز لە سەرووی ئەو ماددە خۆراکیانەیە کە وەک "حەبی بەختەوەری" خێرا کار دەکەن.
بە گوتەی ئەم پسپۆڕە، چای سەوز رێژەیەکی زۆر لە "سیانین" (Theanine)ی تێدایە، کە جۆرە ترشێکی ئەمینییە و یارمەتی مژینی "سیرۆتۆنین" دەدات، سیرۆتۆنین ئەو هۆرمۆنەیە کە بەرپرسە لە دروستکردنی مەزاجی ئەرێنی و گەشبینی بە ژیان.
دکتۆر رۆمان جەخت دەکاتەوە، بۆ بەدەستهێنانی باشترین سوود، پێویستە چای سەوز بە ئاوێک ئامادە بکرێت کە پلەی گەرمییەکەی لە نێوان 85 بۆ 90 پلەی سەدیدا بێت، نەک بە ئاوی کوڵاو، ئاماژەی بەوەشکردووە، خواردنەوەی یەک بۆ دوو کوپ بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ هەست بە گۆڕانکاری لە باری دەروونیدا بکات.
ئەم پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، شیرینی و کاربۆهیدراتەکان وزەیەکی خێرامان پێ دەبەخشن و دەبنە هۆی هەستکردن بە شادی، هەروەها دەڵێت دەکرێت پارچەیەک شوکولاتە بۆ باشکردنی مەزاج بخورێت ئەگەر لە چوارچێوەی کالۆرییە دیاریکراوەکانی رۆژانەدا بێت.
سەبارەت بە چەورییەکان، دکتۆر رۆمان دەڵێت: "مرۆڤ بە خواردنی چەوری هەست بە بەختەوەری ناکات، چونکە چەورییەکان زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی وەک ئێسترۆجین و تێستۆستیرۆن پێویستن، لە کاتێکدا کاربۆهیدراتەکان رۆڵی سەرەکییان لە هەستکردن بە شادی و بەختەوەریدا هەیە."