بۆچی نرخی تەماتە بەرز بووەتەوە و کەی دادەبەزێت؟ وەڵامەکەی بزانە

تەماتە (وێنەکە بە ژیری دەستکرد دروست کراوە)
تەماتە (وێنەکە بە ژیری دەستکرد دروست کراوە)

بەهۆی گۆڕانی وەرز و قەدەغەکردنی هەناردەی تەماتە لەلایەن ئێرانەوە، نرخی تەماتە لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێریش رایدەگەیەنێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەکانی خوارووی عێراق پێدەگات و نرخەکەی دادەبەزێت.

چەند رۆژێکە نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە. لە هەندێک شوێن، یەک کیلۆی گەیشتووەتە 2500 دینار، لە هەندێ شوێنی دیکە نرخەکە زیاتر بەرز بووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی نیسانی 2026، رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی.

رەجەب حاجی عەزیز ئاماژەی بەوە دا، هۆکاری یەکەم کۆتاییهاتنی بەرهەمی وەرزی زستانە و دواکەوتنی بەرهەمی وەرزی هاوینەیە، بەمەش تەماتە لە بازاڕدا کەم بووەتەوە. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە ئێران هەناردەکردنی تەماتەی بۆ دەرەوە بە عێراقیشەوە قەدەغە کردووە، لەبەر ئەوەی لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا کەمە، ئەمەش وای کردووە بڕەکەی لە بازاڕەکاندا کەم بێت و نرخەکەی بەرز ببێتەوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر روونیشی کردەوە، کەشوهەوا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دروستبوونی ئەو گرفتە هەبووە. باسی لەوەش کرد، ئەگەر بەهۆی سەرما و زۆریی بارانەوە نەبووایە، ئێستا تەماتەی ناوچەکانی باشوور، بەسڕە و بەغدا زۆر دەبوو، بەڵام دۆخی کەشوهەوا وای کردووە پێگەیشتنی بەرهەمەکە دوا بکەوێت.

لەبارەی کاتی دابەزینی نرخی تەماتە، رەجەب حاجی عەزیز گوتی، خۆشبەختانە ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، نرخەکە کەمێک دابەزیوە. دوێنێ لە عەلوە کیلۆی بە 1700 بۆ 1800 دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە 1000 دینار، واتە نزیکەی 700 دینار دابەزیوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئەوەشی خستە روو، بەپێی پێشبینییەکانی ئەو، تا هەفتەیەکی دیکە نرخی تەماتە زۆر زیاتر دادەبەزێت، لەبەر ئەوەی بەرهەمی ناوخۆی عێراق و ناوچەکانی بەغدا پێدەگات و لە بازاڕدا زۆر دەبێت.

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە کاتی گۆڕانی وەرزەکان و نەمانی بەرهەمی ناوخۆیی، نرخی سەوزە و میوە بەتایبەتی تەماتە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریکردنی جووتیاران، ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵیدا بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتە و چەند بەرهەمێکی دیکە دەدات، بەڵام لە کاتی نەمانی بەرهەمی ناوخۆدا دەرگا بۆ هاوردەکردن دەکرێتەوە.