سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا داوای شۆڕش لە پێکهاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کۆبوونەوەی سەرکردە پێشکەوتنخوازەکان لە شاری بەرشەلۆنە، داوای "چاکسازیی بەپەلە"ی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و پێشنیاری کرد ژنێک وەک ئەمینداری گشتیی ئەم دامەزراوەیە هەڵبژێردرێت. 

یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کردنەوەی چوارەمین کۆبوونەوەی "بەرگری لە دیموکراسی" کە بە بەشداری نزیکەی 20 سەرکردە و بەرپرسی باڵای وڵاتانی جیاواز بەڕێوەچوو، رایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێ بکرێتەوە و چاکسازی تێدا بکرێت و بۆچی لەلایەن ژنێکەوە سەرکردایەتی نەکرێت؟"

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، سیستەمی "چەند لایەنە" رووبەڕووی هێرشی بەردەوام بووەتەوە و هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئاساییکردنەوەی بەکارهێنانی هێز لە ئارادان، هاوکات هۆشداریی دا، گەورەترین مەترسیی ئەمڕۆ، "پووچکردنەوەی دیموکراسی لە ناوەوەیە" لەگەڵ فشارە دەرەکییەکان و جەختی کردەوە، وەڵامدانەوەی ئەم دۆخە نابێت تەنها بەرگری بێت.

سانچێز گوتی: تەنها خۆڕاگری بەس نییە، دەبێت بیرۆکە پێشکەش بکەین، سەرکردایەتی نیشان بدەین و بیسەلمێنین کە دیموکراسی تەنها جێگەی بەرگری نییە، بەڵکو دەکرێت هەموو رۆژێک بەهێزتر و باشتر بکرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراوەیەک کە پێویستی بە پێناسەکردنەوە هەیە

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بە وروژاندنی ئەو پرسیارەی کە ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتە دامەزراوەیەکی "کۆن"، داوای گونجاندنی لەگەڵ راستییەکانی سەدەی بیست و یەکەم کرد، جەختی کردەوە، دەبێت ئەم رێکخراوە ببێتە پێکهاتەیەکی "کاراتر، شەفافتر، دیموکراتتر و گشتگیرتر" تاوەکوو بتوانێت رۆڵێکی کاریگەرتر لە بەڕێوەبردنی قەیرانە جیهانییەکاندا بگێڕێت.

سانچێز جارێکی دیکە پشتگیری خۆی بۆ بیرۆکەی هەڵبژاردنی ژنێک وەک جێگرەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی.

کۆدەنگی سەرکردە پێشکەوتنخوازەکان بۆ بنیاتنانەوەی سیستەمی جیهانی

کۆبوونەوەی بەرشەلۆنە بە بەشداری کەسایەتییەکی وەک لویس ئیناسیۆ لولا داسێلڤا (سەرۆککۆماری بەڕازیل)، کڵاودیا شینباوم (سەرۆککۆماری مەکسیک)، سیریل رامافۆسا (سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور) و گوستاڤۆ پێترۆ (سەرۆککۆماری کۆڵۆمبیا) بەڕێوەچوو. 

بەشداربووان لەسەر رێگاکانی گەڕاندنەوەی متمانە بۆ سیستەمی لیبڕاڵی جیهانی کە لەژێر فشاری توندڕەویی راستڕەو و ململانێ نێودەوڵەتییەکاندایە، گفتوگۆیان کرد.

لە نایەکسانییەوە تا ژینگە؛ پێشنیاری کرداریی سەرکردەکان

هاوتەریب لەگەڵ باسی چاکسازیی پێکهاتەیی، هەندێک لە سەرکردەکان پێشنیاری دیاریکراویان خستە ڕوو، سیریل رامافۆسا، سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور، پێشنیاری دروستکردنی "پانێڵێکی نێودەوڵەتی بۆ نایەکسانی" لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە جیاوازیی زۆری سەروەت و سامان لە جیهاندا.

کڵاودیا شینباوم، سەرۆککۆماری مەکسیک، پێشنیاری کرد وڵاتان 10%ـی بودجەی سەربازییان بۆ پڕۆژەکانی چاندنین دارستان تەرخان بکەن و گوتی: لەبری چاندنی تۆوی شەڕ، دەبێت تۆوی ژیان بچێنین.

هەڕەشە نوێیەکان؛ لە جەنگەوە تا جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

سەرکردەکان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە کۆمەڵێک تەنگژە دەربڕی، لەوانە جەنگی ئۆکرانیا، ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتە ئابوورییەکانی گرژییەکان. سانچێز، جەختی لەسەر پێویستیی رێکخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کردەوە و هۆشداری دا کە "بەبێ یاسای روون، ئەم گۆڕەپانە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی رق و کینە و زانیاریی نادروست".