گوتەبێژی هاوپەیمانیی سوودانی بۆ کوردستان24: سوودانی زۆرترین شانسی هەیە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران
گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت، مالیکی کشاوەتەوە و سوودانی زۆرترین شانسی هەیە بۆ ئەوەی بێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، فەیسەڵ مەسلەماوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە لە لایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراقەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت؛ بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، "نووری مالیکی لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆکوەزیران کشاوەتەوە بەهۆی ئەوەی چەند تێبێنییەکی لەسەر هەبووە".
مەسلەماوی گوتی، "کاندیدی هاوپەیمانییەکەمان لە سەرەتاوە هەر سوودانی بووە و نەگۆڕاوە؛ دوای کشانەوەی مالیکیش، سوودانی زۆرترین شانسی هەیە بۆ ئەوەی بۆ خولی دووەم ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق".
گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان باسی لەوەش کرد، "سوودانی لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیش پشتیوانیی دەکرێت". روونیشی کردەوە، "سوودانی پابەندە بە یەکڕیزیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پەنا بۆ زۆرینەی پەرلەمانی نابات لە دەرەوەی چوارچێوەکە".
مەسلەماوی باسی لەوەش کرد "ئێمە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان جەخت دەکەینەوە لەسەر پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان. هاوکات ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وا دەخوازن، لایەنە سیاسییەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق".
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، هیشام روکابی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن، مالیکی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوورخرابێتەوە و جەختی کردەوە، تا ئێستاش کاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ ئەو پۆستە، مالیکییە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمڕۆ هەر یەکە لە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و تۆم بەڕاک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستەکە سەردانی بەغدایان کردووە.
رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا؛ بە گوێرەی دەستوور، پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا، سەرۆککۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.