ئێران لە ناردنی شاندەکەی بۆ ئیسلام ئاباد دوودڵە

جیهان بە گەشبینییەوە چاوەڕێی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دەکات لە ئیسلام ئاباد؛ لە کاتێکدا "تیمی یەکلاکەرەوە"ی هەردوولا کۆدەبنەوە، ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئارادایە، بەو مەرجەی تاران گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا وەک بەربەست نەبینێت.

یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان بە کەناڵی (CNN)ـی ئەمریکییان راگەیاندووە، رۆژی سێشەممە شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگاتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، بە مەبەستی ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ شاندی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەردوولا چاوەڕوان دەکرێت رۆژی چوارشەممە راگەیەندراوێکی هاوبەشی سیمبوولی بڵاوبکەنەوە بۆ درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە.

CNN باسی لەوەش کردووە، ئەگەر دانوستانەکان پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیانەوە ببینن، پلانێک هەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکەکان، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە ئیسلام ئاباد کۆببنەوە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی.

سەرەڕای گەشبینییەکان، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاوی کردەوە تاران هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە شاندەکەی بنێرێتە پاکستان لەبەر رۆشنایی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران؛ جەختیش دەکاتەوە نابێت لەژێر فشاری گەمارۆدا دانوستان بکات.

لە بەرانبەردا، ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە ستیڤ ویتکۆف شەوی دووشەممە دەگاتە ئیسلام ئاباد و ئامادەکارییەکان تەواو بوون. ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گوتی: ویتکۆف دەچێتە ئەوێ و هیوادارین بگەینە ئەنجام.

تیمی دانوستانکاری هەردوولا کێن؟

بەپێی راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، "تیمی یەکلاکەرەوە"ی هەردوولا لە پاکستان کۆدەبنەوە:

لایەنی ئەمریکی:

جەی دی ڤانس: جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە جێگیرکردنی ئاگربەستەکان و لایەنی ئێرانی پێیان باشە راستەوخۆ لەگەڵ ئەو دانوستان بکەن، بەڵام لە نێو میدیاکانی ئەمریکا گومان لە بەشدارییکردنی دەکرد.

ستیڤ ویتکۆف: نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوڕێی نزیکی سەرۆک، کە پێشتر لە دۆسیەکانی غەززە و ئۆکرانیا کاری کردووە.

جەرید کوشنەر: زاوا و راوێژکاری ترەمپ، کە ئەزموونێکی زۆری لە رێککەوتنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

لایەنی ئێرانی:

محەممەدباقر قالیباف: سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندەکە، کە وەک کەسێکی متمانەپێکراوی دەسەڵات لە دانوستانەکاندا دەرکەوتووە.

عەباس عێراقچی: وەزیری دەرەوە و دیپلۆماتکاری شارەزا لە دۆسیەی ئەتۆمیدا.

عەلی باقری کانی: دانوستانکارێک و شارەزا لە پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن.