فەرەنسا ئیلۆن مەسک بۆ لێکۆڵینەوە بانگ دەکات
داواکاری گشتیی پاریس، ئیلۆن مەسک و بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای (X)ی بانگهێشت کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند تۆمەتێکی قورس کە پەیوەستن بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاوی منداڵان و ناوەڕۆکی ساختە، ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتن رەتیدەکاتەوە لەم دۆسیەیەدا هاوکاری پاریس بکات.
نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و لیندا یاکارینۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی پلاتفۆرمی (X)، بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشت کراون. بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا گوێ لە چەند فەرمانبەرێکی دیکەی پلاتفۆرمەکە وەک شایەتحاڵ بگیرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە مەسک و یاکارینۆ دەچنە پاریس یان نا.
ئەم بانگهێشتە دوای ئەوە دێت کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا پشکنین لە نووسینگەکانی کۆمپانیای (X) لە فەرەنسا کرا، ئەمەش وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەیەک کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 لەلایەن یەکەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەستیپێکردووە. لێکۆڵینەوەکە تایبەتە بەو ماوەیەی کە یاکارینۆ تێیدا بەڕێوەبەر بووە (مانگی ئایاری 2023 تاوەکو مانگی تەممووزی 2025).
داواکاری گشتیی پاریس ئاماژەی بەوە کردووە، مەبەست لەم بانگهێشتە ئەوەیە کە بەرپرسانی کۆمپانیاکە روونکردنەوە بدەن لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، کە بریتین لە "تێوەگلان" لە بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاوی منداڵان، ساختەکاریی قووڵ (Deep fake)، ئینکاری تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و دەستکاریکردنی سیستەمی داتاکان.
یەکێک لەو خاڵانەی جێگەی سەرنجن، سیستەمی ژیریی دەستکردی (Grok)ی سەر بە کۆمپانیاکەیە، کە تۆمەتبار دەکرێت بە بڵاوکردنەوەی وێنەی سێکسیی ساختە و هەروەها نادروستیی زانیارییەکانی دەربارەی پرسی "هۆلۆکۆست"، کە لە فەرەنسا بە تاوان هەژمار دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، داواکاری گشتیی پاریس گومانی هەیە کە ئەم مشتومڕانەی دەوری (Grok) بە ئەنقەست دروستکرابن بۆ بەرزکردنەوەی بەهای کۆمپانیاکانی (X) و (xAI) پێش ئەوەی لە ساڵی 2026دا بخرێنە بازاڕی پشکەکانەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا، وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە رەتیکردووەتەوە هاوکاری فەرەنسا بکات. بەپێی راپۆرتێکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، واشنتن لە نامەیەکدا بۆ پاریس رایگەیاندووە کە ئەم لێکۆڵینەوەیە بەکارهێنانی سیستەمی دادوەرییە بۆ دەستوەردان لە ئازادی رادەربڕین و کاروباری بازرگانیی ئەمریکا، کە ئەمەش دژی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانە.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، رێکخراوی "رۆژنامەنووسانی بێ سنوور" (RSF) سکاڵایەکی نوێی دژی (X) تۆمار کرد و رایگەیاند، پلاتفۆرمەکەی مەسک بووەتە شوێنێک بۆ گەشەکردنی زانیارییە چەواشەکارەکان و کۆمپانیاکە بە ئەنقەست رێگری لە سڕینەوەی ئەو ناوەڕۆکانە ناکات کە مافی هاووڵاتییان بۆ دەستگەیشتن بە زانیاریی دروست پێشێل دەکەن.