لە ئەمریکا پیاوێک 8 منداڵی کوشت
لە رووداوێکی تەقەکردنی بەکۆمەڵ لە شاری شریڤپۆرت لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا، پیاوێک هەشت منداڵی کوشت کە حەوتیان منداڵی خۆی بوون، پاشان کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێنا.
پۆلیسی شارەکە ناسنامەی تەقەکەرەکەی ئاشکرا کرد، ناوی (شامار ئێڵکینز)ە. بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی پۆلیس بۆ کەناڵی "سی بی ئێس نیوز"، تەمەنی ئەو منداڵانەی لەم کارەساتەدا گیانیان لەدەستداوە لە نێوان یەک ساڵی بۆ 14 ساڵدایە.
کریس بۆردێلۆن، گوتەبێژی پۆلیسی شریڤپۆرت رایگەیاند؛ لە ئەنجامی هێرشەکەدا بە گشتیی 10 کەس بەر فیشەک کەوتوون. جگە لە منداڵە کوژراوەکان، دوو ئافرەت بە سەختی بریندار بوون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، هەروەها مێردمنداڵێکیش بریندار بووە بەڵام برینەکەی مەترسیدار نییە.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردوو، تاوانەکە لە چەند شوێنێکی جیاواز ئەنجامدراوە. سەرەتا تۆمەتبارەکە لەسەر شەقام تەقەی لە ئافرەتێک کردووە، پاشان چووەتە ماڵێکی نزیک لەوێ و هەر هەشت منداڵەکەی لەوێ کوشتووە. یەکێک لە قوربانییەکان توانیویەتی لە ماڵەکە رابکات بۆ لای دراوسێیەک و لەوێوە پەیوەندیی بە هێزە ئەمنییەکانەوە بکات.
وەین سمیس، بەڕێوەبەری پۆلیسی شریڤپۆرت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "تەنانەت ناتوانم خەیاڵی ئەوە بکەم چۆن رووداوێکی وا روو دەدات." و جەختی کردەوە، لێکۆڵەران بە وردی بەدوای هەموو بەڵگەکاندا دەگەڕێن بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری پشت ئەم تاوانە.
هاوکات، لیز موریل، داواکاری گشتیی لویزیانا رایگەیاند؛ چەندین ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسا بە هاوبەشی لێکۆڵینەوە لەم دۆسیە خوێناوییە دەکەن.