ناکۆکییەکی قووڵ لە نێو پێنتاگۆن ئاشکرا دەبێت
میدیاکانی ئەمریکا ململانێ و ناکۆکییەکی قووڵ لەنێو وەزارەتی جەنگی ئەو وڵاتەدا ئاشکرا دەکەن، بە جۆرێک وەزیری بەرگری هەوڵی لاوازکردن و لەکارلادانی فەرماندەی سوپا دەدات، ئەمەش وای کردووە فەرماندەی سوپا چەند جارێک فەرمانەکانی وەزیری بەرگری رەتبکاتەوە و جێبەجێیان نەکات.
هەریەک لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست" و تۆڕی هەواڵی "ئەی بی سی نیوز" و چەند دەزگایەکی دیکەی راگەیاندن ئاشکرایان کردووە، ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان پێت هێگسیس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و دان دریسکۆڵ، فەرماندەی سوپای ئەمریکادا هەیە. ئەم ململانێیە گەیشتووەتە ئاستێک فەرماندەی سوپا چەندین جار فەرمانەکانی هێگسێسجێبەجێ نەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکا، وەزیری جەنگ ترسی لەوە هەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کارەکەی دووری بخاتەوە و دریسکۆڵ لە شوێنەکەی دابنێت. لەبەر ئەم هۆکارە، هێگسێس بە شێوەیەکی نادیار کار بۆ لاوازکردنی پێگەی فەرماندەی سوپا لەنێو پێنتاگۆن دەکات.
تەنانەت کاتێک وەزیری سوپا بۆ ئۆکرانیا نێردرابوو بۆ ئەوەی بەشداری لە رێکخستنی دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بکات، هێگسێس گوشاری خستووەتە سەر سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە و کەسێکی دیکە لە جێگەکەی بنێرێت.
هاوکات، وەزیری جەنگ هێندە ترسی لە بەهێزبوونی پێگەی دریسکۆڵ هەیە، بە کەسە نزیکەکانی خۆی گوتووە، داوای لە کۆشکی سپی کردووە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت فەرماندەی سوپا لە کارەکەی دوور بخرێتەوە. لەم بارەیەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆست نووسیویەتی، مانگی دووی ئەمساڵ دەمەقاڵێیەکی توند لە نێوان هێگسێسو دریسکۆڵدا روویداوە.