سەرجەم زیندانییانی لالەزار مانیان لە خواردن گرت
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، سەرجەم زیندانیانی لالەزار مانیان لە خواردن گرت.
دوای تێپەڕینی کەمتر لە 24 کاتژمێر بە سەر مانگرتنی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە خواردن، ئەمڕۆ سەرجەم زیندانییانی لالەزار چوونە پاڵ مانگرتنەکەی لاهور شێخ جەنگی و ئەوانیش مانیان لە خواردن گرت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ دووشەممە دوای ئازادکردنی 12 زیندانی لالەزار، 28 زیندانی دیکەی لالەزار مانیان لەخواردن گرت.
دوێنێ یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، بورهان رەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: هۆکاری سەرەکیی مانگرتنەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە سەرەڕای داواکارییە فەرمییەکانیان بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای تەمیزی هەولێر، تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەو بارەیەوە نەنراوە و رێگری لە ڕێڕەوی یاسایی کەیسەکە دەکرێت.
هاوکات، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی زیندانیکراوی بەرەی گەل لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "هەشت مانگە دوور لە هەموو عورفێکی دامەزراوەیی و یاسایی بە ناحەق زیندانی کراوین."
هەروەها رەخنەی توندی لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی فشارەکانیان لەسەر دادگا بووەتە رێگر لەبەردەم گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای تەمیز.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، لاهور شێخ جەنگی جەختی کردەوە: "لە ئەمڕۆوە لەگەڵ کاک پۆڵاد بڕیارمان داوە مان لە خواردن بگرین تا ئەو کاتەی سەروەریی یاسا لە دۆسیەکەماندا بەدی دێت."
هەروەها نووسیویەتی "بۆ هەڵماڵینی سیناریۆکانی ئێوە جارێکی دیکە ئامادەین، سەرکێشی بە ژیانی خۆمانەوە بکەین تا هەمووان بزانن کە ئێوە هیچ رۆڵێکتان بۆ دادگا و دامەزراوەکانی سلێمانی نەهێشتووەتەوە."
شەوی 22ـی ئابی 2025، دوای هێرشێکی فراوانی چەکداری بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی قورس لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی روویدا، لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، کە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران و تا ئێستاش لە زینداندا ماونەتەوە.