ئەنجوومەنی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران: 95% ژێرخانی فڕۆکەخانەکانیی ئێران هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە
سکرتێری ئەنجومەنی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران نوێترین ئاماری زیانەکانی کەرتی فڕۆکەوانیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، 95% ژێرخانی فڕۆکەخانەکانییەکەیان لە شەڕی 40 ڕۆژەدا هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە و ئێستا ئامادەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە.
مەقسوود ئەسعەدیی سامانی، بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، لە ئەنجامی ڕووداوەکاندا، نزیکەی 20 فڕۆکە زیانی جدییان بەر کەوتووە، بەڵام پرۆسەی گەشتەکان و بنکە سەرەکییەکانی فڕۆکەوانی لە دۆخێکی جێگیردایە.
لە ماوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، فڕۆکەخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، تاران، کەرەج، تەورێز، مەشهەد، ئیسفەهان، کرمان، ورمێ، بەندەر عەباس، ئەهواز و بوشێهر، هێرشی ئاسمانی چڕیان دەکرایە سەر.
هەروەها رۆژی شەممە، میدیاکانی ئێران، کردنەوەی شەش فڕۆکەخانەیان ڕاگەیاند، کە فڕۆکەخانەکانی تاران و مەشهەدیشیان لەنێواندایە.
میدیاکان ئاماژەیان بەوە دابوو، تاران شەش فڕۆکەخانەی کردووەتەوە، لەوانە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران و فڕۆکەخانەکانی مەشهەد و بێرجەند و گورگان و زاهیدان.