ئاربێلوا: ئاستی ریال مەدرید بەرەو پێشچووە

ئاربێلوا: هەستمان كرد بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لە لالیگا ئاسانترە

ئەلڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید
ئەلڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید

ریاڵ مەدرید دوای دەركرانی لە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، هیوایەکی کەمی ماوە بۆ بەدەستهێنانی تاکە ناسناوی ئەم وەرزەی کە خولی ئیسپانیایە، یانە شاهانەکە بەو هیوایەیە بارسێلۆنا رکابەری لە یارییەکانی داهاتوو تووشی کێشە بێت، بۆ ئەوەی لە ناسناوەکە نزیک بکەونەوە. مێرنگی لە کاتێکدا هیوای بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئیسپانیای بۆ زیندوو دەبێتەوە، لەو حەوت یارییەی کە ماوە سەرجەمیان بباتەوە و بارسێلۆناش لە چوار یاری بدۆڕێت.

ئاربێلوا: ریال مەدرید بەرەو پێشچووە
لە گەڕی 32ـی لالیگا، سبەی سێشەممە، لە كاتژمێر 10:30ـی شەو لە نێو یاریگەی بێرنابیۆ ریال مەدرید میوانداریی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس دەكات، مێرنگی بەر لەم یارییە بە کۆکردنەوەی 70 خاڵ و بە جیاوازی نۆ خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ، پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە.
ئالڤارۆ ئاربیلوا راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە سەبارەت بە چارەنوسی خۆی لەگەڵ یانەکەی گوتی، دەمەوێت هەمووان دڵنیا بکەمەوە کە بە هیچ شێوەیەک نیگەرانی چارەنوسی خۆم نیم.
لەمبارەیەوە ئاربیلوا دەڵێت: دەمەوێت هەمووتان دڵنیا بکەمەوە و کۆتایی بەو پرسیارانەش بهێنم، لەبەر ئەوەی وەڵامەکەشم هەر ئەوە دەبێت ئەویش ئەوەیە، من بە هیچ شێوەیەک نیگەرانی داهاتووی خۆم نیم، ئەوەی منی نیگەران کردووە ئەو حەوت یارییانەن کە ماون، بە تایبەت ئەم یارییەمان بەرامبەر ئالاڤێس. ئەمە تەنها ئەو شتەیە کە بەردەوام بیری لێدەکەمەوە و ریاڵ مەدرید بۆ من لە هەموو شتێک گرنگترە''.
ئاربێلوا دەشڵێت: لەم مانگانەی رابردوو ئاستی ریال مەدرید لە یارییە گەورەكان بەرەو پێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئاستمان بەرامبەر ئەو تیپانەی ناوبانگی كەمتریان هەیە باش نەبووە، ئەو ئەزموونەشمان كرد كە بیرمان لەوە كردەوە بۆ ریال مەدرید بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لە لالیگا ئاسانترە، بێگومان ئەوەش هەڵەیەك بوو كە هەستی پێكرا.

دوایین زانیاریی لەسەر ریال مەدرید
لە دوایین مەشق و راهێنانەكانی ریاڵ مەدرید بۆ یارییەكەی سبەی، هەر یەکە لە تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێزی بەلجیکی و رۆدریگۆ هێرشبەری بەڕازیلی بەهۆی پێکان بەشدارییان نەکرد و ئامادەی ئەم یارییە نابن، جگە لەوەش رائول ئاسێنسیۆ بەهۆی ئازاری گەدە بەشداریی راهێنانەکانی نەکرد.
ریاڵ مەدرید دوای ئەم یارییە، شەش یاری دیکەی دەمێنێت و ئەوانیش بریتین لە ریاڵ بێتیس، ئیسپانیۆل، بارسێلۆنا، ریال ئۆڤیدۆ و سێڤییا، دوایین یاری ئەم وەرزەی ریال مەدرید و لە یاریگای خۆی بەرامبەر بلباو دەبێت.