سلێمان موحسن: لیژنەیەکمان بۆ بەدواداچوونی دۆخی تەندروستیی لاهور شێخ جەنگی پێکهێناوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند؛ لەسەر فەرمانی سەرۆکی دەستە، لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ سەردانیکردنی لاهور شێخ جەنگی، کە چەند رۆژێکە لەگەڵ براکەیدا مانیان لە خواردن گرتووە.

سلێمان موحسن ئاماژەی بەوە کرد، هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی گشتیی سلێمانی کراوە بۆ ئەنجامدانی ئەو سەردانە. بڕیار وابوو سەردانەکە شەو ئەنجام بدرێت، بەڵام بۆ بەیانییەکەی دواخراوە. ئامانجی سەرەکی سەردانەکەش ئاگاداربوونە لە دۆخی تەندروستییان و زانینی داواکارییەکانیان، هیوای خواست دۆخەکە نەگاتە ئاستێک کە زیان بە تەندروستییان بگات.

سەبارەت بە داواکاری پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بۆ دەستێوەردانی دەستەکە لە کەیسە یاساییەکە، سلێمان موحسن جەختی کردەوە، ئەوان وەک دەستەیەکی سەربەخۆ، رێز لە سەروەری یاسا دەگرن. رایگەیاند؛ کەیسەکە لە دادگایە و هەر بڕیارێک دادگا بیدات، ئەوان وەک دەستەی مافی مرۆڤ پاڵپشتی لێ دەکەن و جێبەجێکردنی یاسا بە بنەما دەزانن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی دەستەی مافی مرۆڤ گلەیی لە هەبوونی ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانیان لە سنووری سلێمانی کرد. ئاماژەی بەوە دا، نزیکەی 7 مانگە رێگری لە تیمەکانیان دەکرێت بۆ چوونە ناو چاکسازییەکان و گرتووخانەکانی ئاسایش بۆ بینینی زیندانیان، لەوانەش کەیسی (لالەزار و ئارام قادر).

سلێمان موحسن ئاشکرای کرد، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندییان بە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتەوە کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنییان دەست نەکەوتووە. داوای لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کرد، بەگوێرەی یاسا مامەڵە لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤ بکەن و رێگری نەکەن لە ئەنجامدانی ئەرکە چاودێرییەکانیان، چونکە دەستەی مافی مرۆڤ لایەنێکی بێلایەنە و ئامانجی تەنیا پاراستنی مافەکانی مرۆڤە.