لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار لە مانگرتن بەردەوامن

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 30 دەستگیرکراوی دیکەی لالەزار لە زیندان مانیان لە خواردن گرتووە و رەتی دەکەنەوە هیچ رێککەوتنێک بۆ ئازادبوونیان بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردستان24ـی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای نانی بەیانییان خواردووە و نیوەڕۆکەی خێزان و منداڵەکانی لای بوون، بەڵام کاتێک لە زیندان خواردنی بۆ دەهێنن، پێیان دەڵێت لایدەن و نان ناخۆم، بڕیار دەدات مان لە خواردن بگرێت و لە رۆژی یەکشەممەوە تاوەکوو ئەمڕۆ سێشەممە نانی نەخواردووە، هەرچەندە ئێوارەی دوێنێ کەمێک هیلاک بووە.

سەرچاوەکە گوتی، دوێنێ خێزان و منداڵەکانی چوونەتە زیندان و لاهوور شێخ جەنگییان بینیوە، تەندروستیی باش بووە و تەنانەت گوتوویەتی نابێت دەستەوەستان بن، چونکە تاوەکوو بێدەنگ بن دادگاییکردنیان بەڕێوە ناچێت و دەستی دەستییان پێ دەکەن. بۆ ئێوارەکەی بۆ ماوەی 10 خولەک لەگەڵ گەشەی خێزانی قسە دەکات و پێی دەڵێت کەمێک هیلاکە.

سەبارەت بە دیدار یان کۆبوونەوەی لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی لە زیندان، سەرچاوەکە روونی کردەوە، تاوەکوو ئێستا لاهوور شێخ جەنگی بافڵ تاڵەبانی نەبینیوە، تەنیا دوای دوو مانگ لە دەستگیرکردنیان بافڵ تاڵەبانی پۆڵاد جەنگیی بینیوە.

لەبارەی دەنگۆی رێککەوتن هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەی لە بەرانبەر شاسوار عەبدولواحید کرا بۆ ئازادکردنی، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەو بابەتە مەحاڵە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستە روو، دادگای سلێمانی تاوەکوو ئێستا دۆسیەکەی بۆ دادگای تاوانەکان نەناردووە، چونکە کاتێک دەچێتە دادگای تاوانەکان دەڵێن پەڕاوەکان کەموکوڕییان تێدایە و دۆسیەکە دەگەڕێندرێتەوە. 

گوتیشی، کاتێک تاوەکوو ئێستا دادگای سلێمانی دۆسیەکەی بۆ دادگای تاوانەکان نەناردبێت، چۆن ئەو دۆسیەیە بۆ دادگای پێداچوونەوە دەنێرن، خۆی دەبێت دادگا دۆسیەکە بۆ دادگای تاوانەکان بنێرێت و دواتریش دادگای تاوانەکان رەوانەی دادگای پێداچوونەوەی بکات.

دوێنێ دووشەممە، پاسەوانێکی تایبەتی لاهوور شێخ جەنگی و 11 گیراوی دیکەی لالەزار ئازاد کران، بەڵام ئێستا جگە لە خۆی و برایەکی، 28 کەسی دیکە لە زیندانن و ئەوانیش مانیان لە خواردن گرتووە.