نووسەرێکی هوڵەندی رۆمانێکی دەربارەی ئەنفال بڵاوکردەوە

یۆست هیڵتەرمان، رۆماننووسی هۆڵەندی، کتێبێکی لەژێر ناوی "زیندووبووەکان" بە زمانی ئینگلیزی لە لەندەن، لە ئەفسانە گەلەری بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ی نیسانی 2026، گۆران بابە عەلی، هونەرمەند و خاوەنی ئەفسانە گەلەری، ئەو شوێنەی کتێبەکەی لێ بڵاودەکرێتەوە بە کوردستان24ی گوت، "رۆمانی "زیندووبووەکان"، بەرهەمێکی ئەدەبی و مرۆیی قوڵە کە لە سنووری چیرۆکێکی ئاسایی تێدەپەڕێت و دەبێتە بەڵگەنامەیەکی هەستیار لەسەر یادەوەری، تاوان، مانەوە و هەوڵی مرۆڤ بۆ نوێکردنەوەی ژیان. ناوەڕۆکی کتێبەکە لەسەر کارەساتی ئەنفالی کورد بنیات نراوە، ئەم هەڵمەتە خوێناوییەی کە لە ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعسەوە دژ بە گەلی کورد ئەنجام درا و هەزاران کەس کوژران و دەربەدەرکران."

گۆران بابە عەلی گوتیشی، "نووسەر، یۆست هیڵتەرمان، کە خۆی ساڵانێک توێژینەوەی لەسەر عێراق و کوردستان کردووە، بە شێوازێکی هونەری ئەو مێژووە تەنیا بە ژمارە و بەڵگە ناهێڵێتەوە، بەڵکو دەیگۆڕێت بۆ چیرۆکی ژیانی مرۆڤەکان. لە رۆمانەکەدا خوێنەر لەگەڵ کەسایەتییە جیاوازەکان دەبێتە هاوڕێ، بەتایبەت ئەوانەی لە ناو ئەم کارەساتەدا بوون و هەر یەکەیان بە جۆرێک بارودۆخی جیاوازیان تێپەڕاندووە."

خاوەنی ئەفسانە گەلەرییەکە باس لە ناوەڕۆکی کتێبەکە دەکات و دەڵێت، "هەندێک لە کارەکتەرەکان قوربانیی راستەوخۆن، منداڵ یان ژن و پیاوێکن کە بنەماڵەکانیان لێیان دابڕاون، گوندەکانیان سوتاون، یان بە زیندان و کەمپی کۆکردنەوەدا تێپەڕیون. هەندێکی تر شایەتحاڵن، ئەوانەی تەنیا چاویان بەو تاوانانە کەوتووە و ژیانیان بە بارێکی قورس لە یادەوەری تێدەپەڕێت. هەندێکیش لە ناو سیستەمی ستەمکاردا بوون، بەڵام دواتر لەگەڵ ویژدان و پرسیاری بەرپرسیارێتی دەجەنگن."

گۆران بابە عەلی ئاماژەی بەوەش دا، "رۆمانەکە بە وردی ئەوە نیشان دەدات کە کۆچ تەنیا گواستنەوەی جەستە نییە، کاتێک کارەکتەرەکان بەرەو ئەمریکا یان وڵاتانی تر دەڕۆن، خانووی نوێ، کار و ژیانێکی ئارام بەدەست دەهێنن، بەڵام ناخیان ئارام نابێت، ئەوان لە نێوان دوو جیهاندا دەژین، جیهانی ئێستا و جیهانی رابردوو، لە دەرەوە خۆیان وەکو هاووڵاتییەکی ئاسایی نیشان دەدەن، بەڵام لە ناوەوە هەر لەگەڵ برینەکانیان دەژین."

دەربارەی تیشک خستە سەر چیڕۆکە راستەقینەکان، گۆران بابە عەلی گوتی، "نووسەر بە شێوازێکی زیرەکانە باس لە کۆچبەرەکان دەکات، ئەو منداڵانەی کە لە ئەنفال رزگاربوون ئەوا لە وڵاتێکی نوێ گەورە دەبن، بەڵام هەستی بێ کەسی و پرسیاری ناسنامەیان هەیە. دەیانەوێت بزانن دایک و باوکەکانیان چیان بەسەر هاتووە، بۆچی هەندێک جار بێدەنگن، بۆچی زوو تووڕە دەبن،  ،  یان بۆچی هەندێک شەو بە ترس هەڵدەستن. بەم شێوەیە، کتێبەکە ئەوە پیشان دەدات کە کاریگەریی جینۆساید تەنیا بۆ یەک نەوە نامێنێتەوە، بەڵکو دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو."

گۆران بابە عەلی باسی لەوەش کرد، "زمان و شێوازی گێڕانەوەی کتێبەکە توند و سارد نییە، بەڵکو  پڕە لە هەست و وێنەسازی. نووسەر وێنەی شوێنەکان، ترسەکان، هەستەکان و بێدەنگییەکان بە شێوەیەک دەنووسێت کە خوێنەر هەست دەکات لە ناو رووداوەکاندایە."

رۆمانی "زیندووبووەکان" کە لەلایەن یۆست هیڵتەرمان، رۆماننووسی هۆڵەندی نووسراوە، لە ئێستادا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا کتێبەکە دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان و لە تەواوی شار و شارۆچکەکان بڵاودەکرێتەوە.