حووسییەکان هەڕەشەی چوونە ناو جەنگ دەکەن

ئەرشیف
ئەرشیف

عەبدولمەلیک حووسی، رێبەری بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن "حووسییەکان"، رایگەیاند؛ لە هەر جەنگێکی چاوەڕوانکراوی داهاتوودا بەشدار دەبن و جەختی کردەوە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران، بێلایەن نابن.

عەبدولمەلیک حووسی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەستی ئێستا لە لێواری کۆتاییهاتندایە، گوتیشی: "ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆداین لەگەڵ دوژمنی ئیسرائیلی و شەریکە ئەمریکییەکەی؛ ئەگەر دوژمن بگەڕێتەوە بۆ شەڕ، ئێمەش بەشدار دەبین." هەروەها ڕەخنەی لەوانە گرت کە لۆمەی حزبوڵڵای لوبنان دەکەن و رایگەیاند وەڵامدانەوەی حزبوڵڵا دوای ١٥ مانگ لە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل هاتووە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە میدیاییە نزیکەکان لە بازنە ئەمنییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەکارییەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی سەربازی تەواو کردووە.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ کردەوەی سەربازی دژی ئێران و گوتی: "بۆردومانکردن گونجاوترین ستراتیژییە بۆ دەستپێکردن." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، کاتی ئاگربەست زۆری نەماوە و ئەمریکا لە پێگەیەکی بەهێزی دانوستاندایە.

عەتاوڵڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی پاکستان، رایگەیاند؛ هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ باوەڕ پێکردنی ئێران تا بەشداریی خولی دووەمی دانوستانەکان بکات. ئاشکراشی کرد، کاتی ئاگربەستەکە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە (بە کاتی پاکستان) کۆتایی دێت و بڕیاری ئێران بۆ بەشداری لە گفتوگۆکان پێش ئەو وادەیە، بابەتێکی یەکلاکەرەوەیە.

رۆژی یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، عەبدولغەنی عەلی زوبەیدی، فەرماندەی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24،  ئامادەیی هێزەکانیانی بۆ هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا راگەیاند.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، عەبدولغەنی زوبەیدی ئاماژەی بەوە کرد، زۆرێک لە وڵاتان و بە تایبەتیش "قەوارەی ئیسرائیل" بە باشی لەو پەرەپێدانە سەربازییانە تێدەگەن کە لە یەمەن رووی داوە. 

ئەو باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل چاودێریی وردی تواناکانی ئەوان دەکات و دەزانێت کە حووسییەکان لە رووی سەربازییەوە گەیشتوونەتە چ ئاستێک.

لە 28ـی ئاداری 2026، حووسییەکانی یەمەن، بە فەرمی بەشداریکردنیان لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگەیاند، هەر ئەو کاتە یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بۆ سەر ئامانجە هەستیارەکانی سەربازیی ئیسرائیل دەست پێکرد. بەیانیی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل بەهاوبەشی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.