ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی کوردییە
ئەمڕۆ 22ـی نیسان، کوردستان یادی 128 ساڵەی وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ دەکاتەوە. لەم رۆژەدا و لە ساڵی 1898، یەکەمین کاری رۆژنامەگەریی کوردی بڵاوکرایەوە، نەک تەنیا وەک بڵاوکراوەیەک، بەڵکو وەک ئامرازێکی شۆڕشگێڕی بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی سەری هەڵدا.
لە 22ـی نیسانی 1898، لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر، مەقداد میدحەت بەدرخان، یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی "کوردستان"ی چاپ و بڵاوکردەوە. بەهۆی ستەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لەو سەردەمەدا، بەدرخان ناچار بوو لە دوورەوڵات ئەم هەنگاوە بنێت. رۆژنامەکە بە زمانی کوردی (شێوەزاری کرمانجیی سەروو) بڵاودەکرایەوە.
ئامانجە سەرەکییەکانی ڕۆژنامەی کوردستان، هاندانی کورد بۆ فێربوونی زانست و مەعریفە. هەروەها برەودان بە نووسین بە زمانی دایک لە کاتێکدا زمانەکە لەژێر هەڕەشەدا بوو. لەگەڵ ناساندنی دۆزی کورد بە جیهانی دەرەوە و ڕەخنەگرتن لەو نادادییەی بەرامبەر گەلی کورد دەکرا.
لە دوای رۆژنامەی کوردستان، کاروانی رۆژنامەگەریی کوردی نەوەستا. گۆڤار و رۆژنامە گەورەکانی وەک "ژین، ژیان، هاوار" و دەیانی دیکە بوونە سەکۆیەک بۆ گەشەپێدانی ئەدەبیات و فکری سیاسیی کوردی. رۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو قۆناخەکاندا (لە شاخ و لە شار) هاوتەریب بووە لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد.
ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی 128 ساڵ، میدیای کوردی گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، لە رۆژنامەیەکی کاغەزییەوە بۆ سەدان کەناڵی ئاسمانی، رادیۆ و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی. هەروەها میدیای کوردی پێ پێی پێشکەوتنە جیهانییەکان هەنگاوی ناوە و سۆشیاڵ میدیا بووەتە بەشێکی سەرەکی لە گەیاندنی هەواڵ. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای فراوانییەکە، هێشتا رۆژنامەگەریی کوردی لەبەردەم ئاستەنگی وەک "نەبوونی یاسایەکی کارای بەرکار، کێشەی ئازادیی رادەربڕین لە هەندێک ناوچە و تێکەڵبوونی میدیا بە ئەجێندای سیاسی" دایە.
یادکردنەوەی 128 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی تەنیا یادێکی مێژوویی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ، رێزگرتن لەو رۆژنامەنووسانەی لە پێناو راستیدا ژیانیان بەخشی یان رووبەڕووی زیندانی بوونەوە. هەروەها هەڵسەنگاندنی ئەدای میدیایی و کارکردن بۆ پیشەییبوونی زیاتر و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە "قەڵەمی ئازاد" کۆڵەکەی سەرەکیی دیموکراسییە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا.