ئوسترالیا: یارییە ئەلیکترۆنییەکان بۆ "فریودانی منداڵان" بەکاردەهێنرێن
دەستەی چاودێریی ئینتەرنێت لە ئوسترالیا هۆشداری دەدات لەوەی کەسانێکی مەترسیدار یارییە بەناوبانگەکانی وەک "رۆبلۆکس و ماینکرافت" بۆ راوکردنی منداڵان و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی بەکاردەهێنن، بەو هۆیەشەوە داوای روونکردنەوەی بەپەلە لە کۆمپانیاکان دەکات.
دەستەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئوسترالیا (eSafety) ئاگادارکردنەوەی یاسایی بۆ چەندین کۆمپانیای گەورەی جیهانیی یارییەکان ناردووە و داوای لێکردوون روونی بکەنەوە کە چۆن کار دەکەن بۆ بنبڕکردنی ناوەڕۆکە مەترسیدارەکان لەناو پلاتفۆرمەکانیاندا.
جولی ئینمان گرانت، سەرۆکی دەستەی eSafety رایگەیاند، توێژینەوەکان دەریانخستووە زۆربەی منداڵانی ئوسترالیا یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن، ئەویش دەڵێت: "کەسانی مەترسیدار ئەمە دەزانن و لە رێگەی ئەو یارییانەوە منداڵان دەکەنە ئامانج، یان لە رێگەی یارییەکانەوە بیری توندڕەوی و تیرۆرستی لە مێشکیاندا دەچێنن."
بە گوێرەی هۆشدارییەکەی ئەو دەستەیە، یارییەکانی وەک "رۆبلۆکس، ماینکرافت، فۆرتنایت و ستیم" ناچار دەکرێن نیشانی بدەن کە چۆن رێگری لەو مەترسییانە دەکەن. ئینمان گرانت ئاماژەی بەوەش کردووە، چەندین راپۆرتی میدیایی هەبووە لەسەر دروستکردنەوەی دیمەنی کۆمەڵکوژییەکان و کەمپەکانی جەنگی جیهانی دووەم لەناو ئەو یارییانەدا.
لای خۆیەوە، کۆمپانیای "رۆبلۆکس" رایگەیاند کە رێسای زۆر توندیان هەیە دژی ناوەڕۆکی توندڕەوی و ئامادەی هەماهەنگین لەگەڵ حکومەتی ئوسترالیا بۆ پاراستنی منداڵان.
ئوسترالیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە یاسای توندی بۆ پاراستنی منداڵان لە مەترسییەکانی ئینتەرنێت دەرکردووە، لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو یاسایەکی دەرکرد کە تێیدا بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیای بۆ مێردمنداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەخە کرد، هەرچەندە ئامارە نوێیەکان دەریدەخەن هێشتا بەشێکی زۆری منداڵان ئەو پلاتفۆرمانە بەکاردەهێنن.