زانایان: سەمەندەل دەبێتە کلیلێک بۆ گەشەکردنەوەی پەلەکانی مرۆڤ

زانایان لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکرایان کردووە، گیانەوەرێکی دەگمەن و سەیر بە  سەمەندەلی ئاو  (Axolotl)، کە بە زەردەخەنە نھێنییەکەی ناسراوە، رەنگە کلیلێکی زێڕین بێت بۆ گەشەکردنەوەی ئەو پەل و ئەندامانەی مرۆڤ کە بڕاونەتەوە.

ئەم گیانەوەرە دەگمەنە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، لە گۆماوەکانی باشووری مەکسیکۆ دەژی و ناوی زانستییەکەی "زۆلۆتل"ـە، بە " سەمەندەل " ناسراوە، چونکە بە درێژایی ژیانی لە قۆناغی کرمۆکەدا دەمێنێتەوە و نیشانەکانی پیری لێ دەرناکەوێت، بەڵام ئەوەی ناوەندە زانستییەکانی جیهانی سەرقاڵ کردووە، توانایەکی بێوێنەی ئەم گیانەوەرەیە لە گەشەکردنەوەی تەواوەتی پەلەکان و تەنانەت بەشێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستەی.

لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری زانستی ئەکادیمیای نیشتمانی زانستەکان  بڵاوکراوەتەوە، توێژەران بەراوردیان لەنێوان سێ جۆر گیانەوەردا کردووە کە توانای نوێبوونەوەیان هەیە: سەمەندەلی مەکسیکی، ماسی زێبرا کە باڵەکانی نوێ دەکاتەوە هەروەها جرج.

زانیان بۆیان دەرکەوتووە، جرجەکان دەتوانن سەری پەنجەکانیان گەشە پێ بدەنەوە، ئەمەش هەمان ئەو توانایەیە کە لە مرۆڤدا هەیە، کاتێک مرۆڤ سەری پەنجەی دەبڕێتەوە، ئەگەر ڕەگی نینۆکەکە بە سەلامەتی بمێنێتەوە، شانەکان و ئێسک و نینۆکەکە دەتوانن دووبارە گەشە بکەنەوە و پەنجەکە دروست ببێتەوە.

توێژینەوەکە دەریخستووە، میکانیزمێکی بۆماوەیی (جینات)ـی هاوبەش لە نێوان ئەم سێ زیندەوەرەدا هەیە، ئەم دۆزینەوەیە رێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زانایان بتوانن ئەو بەرنامە بۆماوەییانە لە مرۆڤدا چالاک بکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی پەلەکانیان لەدەستداوە.

جۆش کاری، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانکۆی "ویک فۆرێست"، لەم بارەیەوە رایگەیاند، "ئەم توێژینەوەیە دەریخست کە بەرنامە جینییە جیهانییە یەکگرتووەکان هەن کە پرۆسەی گەشەکردنەوە لە زیندەوەرەکاندا بەڕێوە دەبەن، ئەمەش ئومێدێکی گەورە دەبەخشێت بۆ پەرەپێدانی چارەسەری نوێ بۆ مرۆڤ."