ئێمباپێ راهێنەری داهاتووی ریاڵ مەدرید ئاشکرا دەکات
کۆمەڵێک بژاردە هەن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید وەربگرن، زۆرێک پێیانوایە بەهێزترین بژاردە یۆرگێن کلۆپ راهێنەری ئەڵمانی پێشووی یانەی لیڤەرپوولە، بەڵام راهێنەرە ئەڵمانیەکە ئەستەمە بە وەرگرتنی ئەم پۆستە رازی بێت.
هەژماری ئینستاگرامی Score90 چەند پۆستێکی لەسەر جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەی بێنفیکا کردووە و بە باشترین بژاردەی بۆ پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید ناوی دەبات. ئەم پۆستە دەبێتە جێگەی سەرنجی کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەڕەنسی یانەی ریاڵ مەدرید و وەکو پاڵپشتی کردنی جۆزێ بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەیان لایکی دەکات.
جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری یانەی بێنفیکا تاوەکو هاوینی ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە، بەڵام مەرجێکی گرێبەستەکەی رێگەی پێدەدات هەر کاتێک ئارەزووی هەبێت ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت، ئەمەش ئەرکی بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئاسان کردووە.
یانەی ریاڵ مەدرید سەرەتای ئەم وەرزە چابی ئاڵۆنسۆ لە شوێنی کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری پێشووی یانەکەی دەست نیشانکرد، پاشان ئەو راهێنەرە بەهۆی ئەنجامە لاوازەکان لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و ئالڤارۆ ئاربیلوا لە شوێنی دیاریکرا.