فەرمی: دوای 13 ساڵ نێیمار بێتاوان دەرچوو

نێیمار
نێیمار

دادگای باڵای ئیسپانیا بڕیاری بێتاوانبوونی نێیمار و بەرپرسانی ئەو کاتەی یانەی بارسێلۆنای، لە دۆسیەی گواستنەوەکەیدا لە ساڵی 2013 پەسەند کرد، هەروەها تۆمەتەکانی "گەندەڵی لە مامەڵە بازرگانییەکان" و "فێڵکردن لە ڕێگەی گرێبەستی وەهمی" ڕەتکردەوە.

ئەم سکاڵایە لەلایەن کۆمپانیای بەڕازیلی DISـەوە تۆمارکرابوو، کۆمپانیاکە  لە ساڵی 2009 بە بڕی پێنج ملیۆن ڕیاڵ، خاوەندارییەتی لە ٪40ـی مافە ئابوورییە پەیوەندیدارەکان بە مافە فیدراتیڤەکانی (تۆمارکردنی یاریزان) نێیمار بەدەستهێنابوو، ئەوکاتەی کە لە ریزەکانی یانەی سانتۆس یاری دەکرد.

چیرۆکەکە چۆن بوو

سەرەتا بارسێلۆنا ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ نێیمار واژۆ کرد بۆ ئەوەی دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سانتۆس پەیوەندی بە یانەکەیان بکات. کۆمپانیاکەش باسی لەوە دەکرد کە دەبوایە بڕە پارەی رێکەوتنەکە لە ئەژمارکردنی مافە ئابوورییەکانی ئەم کۆمپانیایەدا لەبەرچاو بگیرێت و پێکهاتەی گرێبەستەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشکی ئەو داڕێژراوە، بەڵام گواستنەوەکە ساڵێک زووتر ئەنجامدرا و یانە کەتەلۆنیەکە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لە ساڵی 2013 بڕە پارەیەکی وەک تێچووی گواستنەوەکە پێشکەش کرد، کە لەو بڕە پارەیە DIS پشکی ٪40ـی خۆی وەرگرت، بڕەکەش بریتی بوو لە 6.84 ملیۆن یۆرۆ لە کۆی 16.1 ملیۆن یۆرۆ تێچووی گواستنەوەکە.

بڕیاری کۆتایی:

دواجار دادگای باڵا ڕایگەیاند بەڵگەکان ئەوە نیشان نادەن کە لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکاندا، مەبەستێکی تاوانکاری بۆ فریودان یان پێشێلکردنی مافەکانی کۆمپانیای DIS هەبووبێت. بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا رێکارەکانی یانەی بارسێلۆنا بۆ گەرەنتیکردنی گواستنەوەی یاریزانەکە و پاشان پێشخستنی کاتی گواستنەوەکە، بڕیارێکی وەرزشی بووە نەک کارێک بە مەبەستی فێڵکردن. هەروەها جەخت لەوەش کرایەوە کە DIS خاوەنی مافە ئابوورییەکان بووە، نەک مافە فیدراتیڤەکان و ئەو مافانەی کە بەپێی یاساکانی فیفا تەنها بە ڕەزامەندی هەردوو یانە دەگوازرێنەوە و مەرجی سەرەکی ئەنجامدانی گواستنەوەکەن.