شادمان مەلاحەسەن: تا ئێستا 19 کەس لەسەر رووداوەکەی لالەزار لە بەندینخانەن

سەرکردەیەکی بەرەی گەل رایدەگەیەنێت، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای کە بە "غەدر" دەستگیرکراون، دوای سێ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، ئێوارەی ئەمڕۆ مانگرتنەکەیان شکاندووە؛ دەشڵێت، "دادگای سلێمانی لەم دۆسیەیەدا بەکارهێنراوە."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، شادمان مەلاحەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند: لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای بە غەدر گیراون، بەردەوام دەستە و دەست بە دۆسیەیان دەکرێت، لە 19ـی مانگەوە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ هەردووکیان مانیان لە خواردن گرتبوو، بەڵام مانگرتنەکانیان شکاند.

شادمان مەلاحەسەن گوتی، دادگای سلێمانی خۆی دوورە پەرێزگرت لە دۆسیەکە، جەخت لەوە دەکاتەوە دادگای سلێمانی بەکارهاتووە، تا ئێستا 19 کەس لەسەر رووداوەکەی لالەزار لە بەندینخانەن و دەستگیرکراون، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوو نزیکەی 22 کەس ئازادکراون.

ئاماژەی بەوەشدا، لاهور شێخ جەنگی سەرۆک حزبە و ئەفسەرە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆیە ناکرێت کەسێکی حزبی دەستگیری بکات، داوای دادگاییکردنی ئاشکرامان کردووە.

هەروەها رایگەیاند، لاهور شێخ جەنگی خۆی کردووەتە قوربانی، دەربارەی داهاتووی بەرەی گەل گوتی: بەردەوام دەبیت تا ئەوکاتەی ئازاد دەکرێت و بڕیار لەسەر دەدات، فشارمان بەردەوام کردووە بەڵام دەستیان بەسەر میدیاکەیان دا گرت و تەواوی کەلوپەلەکانیان سووتاند.

شادمان مەلاحەسەن جەخت لەوە دەکاتەوە، لە سلێمانی ناتوانین فشار و گردبوونەوەی جەماوەری بکەین، دەربارەی ئازادکردنی باسی لەوە کرد، زانیاری لەبارەی ئازادکردنی نییە، بەڵام دەخوازن ئازاد بکرێن.

هاوکات هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، دانا تەقیەدین تیمی پاریزەرانی لاهور شیخ جەنگی بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی مانگرتنیان شکاندووە.