ئیسرائیل بە ئاگاداری واشنتن هێرشی کردووەتە سەر زاحیەی باشووری بەیروت
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بە کەناڵی "سکای نیوز"یان راگەیاندووە، واشنتن پێشوەختە ئاگاداری ئەو هێرشانە بووە کە کراونەتە سەر بارەگایەکی حزبوڵڵا لە زاحیەی باشووری بەیروت.
یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بە کەناڵی "سکای نیوز"یان راگەیاندووە، کاتێک سوپای ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنانی لە زاحیەی باشووری بەیروت، پێشوەختە واشنتنی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە ئاگادار کردووەتەوە، ئەمەش وەک یەکەم هێرش بۆ سەر پێگەی سەرەکیی حزبوڵڵا هەژمار دەکرێت لەوەتەی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە 16ـی نیساندا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ "سکای نیوز" ئاشکرای کردووە، ئامانجی هێرشەکە بارەگایەکی حزبوڵڵا بووە نەک کەسایەتییەکی دیار، هاوکات رادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، هێزی ئاسمانی "ئامانجێکی گرانبەها"یان پێکاوە.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری جەختی کردەوە، هێرشەکە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ تەقەکانی حزبوڵڵا بەرەو ئیسرائیل، هەرچەندە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی بڵاو نەکراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، حزبوڵڵا هەموو ئەو پێشنیازانە رەت دەکاتەوە کە داوای چەککردنی دەکەن و جەخت دەکاتەوە، دەبێت سەرەتا ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت و هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە، لە هەمان کاتدا ئێران بۆ رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا مەرجی وەستانی ئاگربەستی لە لوبنان داناوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بە دانیشتووانی شاری "سۆر" و ناوچەکانی دەوروبەری داوە بۆ چۆڵکردنی ماڵەکانیان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی نوێ، ئەم هێرشانە سێ رۆژ دوای راگەیاندنی رێککەوتنی ئاگربەست دێن کە بە ناوبژیوانی ئەمریکا ئەنجام درابوو.