ترەمپ: هیچ پەلەیەکمان نییە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران و "گەمارۆ" لە بۆردومان کاریگەرترە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ هیچ گوشارێکی کاتی بۆ واژۆکردنی ئاگربەست یان دیاریکردنی کاتێکی نوێ بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران لە ئارادا نییە. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، تیشکی خستە سەر چەند خاڵێکی گرنگ سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و تاران.

سەرۆکی ئەمریکا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باسیان لەوە دەکرد درێژکردنەوەی ئاگربەست تەنیا بۆ "3 تا 5رۆژ" بێت، و جەختی کردەوە، ئاگربەستەکە بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکراوەتەوە. گوتیشی: "هیچ چوارچێوەیەکی کاتیمان نییە و پێویست بە پەلەپەل ناکات. ئەو قسانەشی کە دەڵێن من بەهۆی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسەوە دەمەوێت کۆتایی بەم بابەتە بهێنم، دوورن لە راستی؛ تاکە ئامانجم گەیشتنە بە رێککەوتنێکی باش بۆ گەلی ئەمریکا."

سەبارەت بەو کەشتیانەی رۆژی چوارشەممە لەلایەن ئێرانەوە لە گەرووی هورمز تەقەیان لێکرا و دەستیان بەسەردا گیرا، ترەمپ رایگەیاند: "ئەوانە کەشتیی ئەمریکی نەبوون"، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.

لە پەیامێکی راستەوخۆدا بۆ دەسەڵاتدارانی تاران، ترەمپ گوتی: "گەمارۆدان زیاتر ئێران دەترسێنێت وەک لە بۆردومانکردن. ئەوان ساڵانێکی زۆرە رووبەڕووی بۆردومان بوونەتەوە، بەڵام رقیان لە گەمارۆ و ئابلۆقەیە."

لەلایەکی دیکەوە، کارۆڵاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە هەمان کەناڵی راگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو کەشتییە لەلایەن ئێرانەوە بە پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەست دانانرێت، چونکە کەشتییەکان ئەمریکی یان ئیسرائیلی نەبوون، بەڵکو کەشتی نێودەوڵەتی بوون.

لیڤیت جەختیشی کردەوە، سەرۆک ترەمپ هیچ مۆڵەتێکی بۆ وەرگرتنی پێشنیاز لە لایەنی ئێرانی دیاری نەکردووە و گوتی: "لەکۆتاییدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا خشتەی کاتی دیاری دەکات." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، وەک مەرجێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، پێویستە ئێران رازی بێت بە رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

گوتەبێژی کۆشکی سپی رەخنەی لە هەڵسوکەوتە دەریاییەکانی ئێران گرت و گوتی: "ئێرانییەکان کۆنترۆڵی گەرووی هورمز ناکەن، ئەوەی دەیبینین تەنیا چەتەیی دەریاییە."